دابەشكردنی موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم بەردەوامە و سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمیش راسپێردراون تاكو پێشنیوەڕۆی سبەینێ لیستی موچەی مانگی سێ ئامادە بكەن.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكانی هەرێم راسپێردراون تاكو سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی سبەینێ لیستی موچەی مانگی سێ ئامادەبكەن و رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی بكەن، تاكو بەزووترین كات رێوشوێنە یاساییەكان بۆ لیستەكە ئەنجامبدرێت و دواتر رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بە ئاڕاستەی ئەوەیە، پێش هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبكرێت.

پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، موچەی مانگی سێ هاوشێوەی موچەی مانگی دوو دەبێت و هیچ گۆڕانكارییەك لە دەرماڵە و بڕی موچەخۆراندا ناكرێت، لە چەند حاڵەتێكدا نەبێت ئەوانیش، گەڕانەوە لە مۆڵەتی بێ موچە و مۆڵەتی دایكایەتی و سزا، هاوكات سەرەموچەش بۆ فەرمانبەران نابەسترێت.