بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ژێرخانی ئابووری پەکخستووە
هیوا
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێن، زۆرینەی ئەو شوێنانەی لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراون بریتین لە وێستگەکانی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی کارەبا و ئاو و غاز، ئەوە جگە لە بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانە، گرتوخانە و پاڵاوگەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و بنکە خزمەتگوزارییەکانی تر.
شاری قامیشلۆ بووەتە ئامانجی سەرەکی ھێرشەکان و لەو ماوەیەدا بە ٣٦ ھێرشی ئاسمانی ٢٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری شارەکە خاپوورکراون، ھەروەھا لە دێرک ١٢ پڕۆژە و لە کۆبانێش ٩ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆردومانکراون.
ھەروەھا لە تل تەمر نۆ پڕۆژە، حەسەکە شەش پڕۆژە، منج چوار پڕۆژە، عەین عیسا پێنج پڕۆژە، ١٥ پڕۆژەی دەروبەری باکوری حەلەبیش بە ١٧ ھێرشی ئاسمانی بۆردومانکراون.
لای خۆیەوە رێکخراوی پزیشکانی بێسنور دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیا ١٧٠ بیری ئاو و ٣٨ نانەواخانە بەھۆی نەبوونی کارەبا و غازەوە لەکارکەوتوون و ٢٧٠٠ گوند و ١٩٠٠ خوێندنگەش بێ کارەبا بوون، بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە ھێرشەکانی ئەنقەرە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رابگرێت.
پەیوەست بەو بابەتەش مەحمود مەسڵەت، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند، تورکیا سەرقاڵی جیھان بە شەڕی غەززەوە بۆ ھێرشکردنەسەر باکوری سوریا دەقۆزێتەوە و لەرێگەیەوە کێشە ناوخۆییەکانی ھەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەترسیشە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی ئیدارەی خۆسەر، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیاوە خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و غاز لە تەواوی شار و گوندەکانی ھەرێمی جەزیرە بڕاوە، چونکە ئەو پاڵاوگانەی بۆردومانکراون سوتەمەنییان بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دابین دەکرد.
ئیدارەی خۆسەر داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە ئەرکی بونیادنانەوەی دامەزراوەکان لە ئەستۆ بگرێت و ئارامیش بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پڕۆژەکانی ژێرخان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان دەکات، لە دوایین پێشھاتیشدا بەھۆی بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک لە تربەسپی ١٨٢ گوند بێ کارەبا بوون.