لە رێورەسمێکدا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رەفیق ساڵح، سەرۆکی بنکەی ژین ئیمزاکرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوولا، ئەم رێککەوتننامەیە چەندین بواری گرنگی هاوکاری نێوان هەردوو لا لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لە بواری ئەرشیفکردن، کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، و پڕۆژەی هاوبەشی کەلتووری.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر، لە دیدارەکەدا رایگەیاند: "دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە بەناوی سەرۆک مام جەلال یەکێکە لەو کەلەپوورە پاک و جوانانەی بۆمان دەمێنێتەوە و خزمەتێکی باش بە ئەرشیفی کوردی دەکات."

سەرۆکی دامەزراوەکە جەختی کردەوە کە کارکردنیان لە دیدگەی سەرۆک مام جەلالەوە سەرچاوەی گرتووە و دەیانەوێت رۆڵێکی بوونیادنەرانە لە ئاستی کۆمەڵگە بگێڕن بەتایبەت لە بوارەکانی ئەرشیفکردن، کۆکردنەوەی بەڵگە، رۆشنبیری، کولتووری، زانستی و گەشەی مرۆیی.

لێکتێگەیشتنەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

- هاوبەشی و هاوکاری نێوان هەردوو لا لە کاری ئەرشیفیدا و بەدەستهێنانی بابەتی ئەرشیفی لەڕێگەی پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە.

- هاوئاهەنگی بۆ بەشداریکردن لە چالاکی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاری ئەرشیفی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

- سوود وەرگرتنی بەشی ئەرشیفی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە شارەزایی و ئەزموونی تیۆری و کرداریی کاری ئەرشیفیی بنکەی ژین و بە پێچەوانەوە.

- هاوئاهەنگی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی ئەرشیفی بۆ توێژەرانی زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان بەبێ جیاوازی.

- ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی کەلتووری و بەڵگەنامەیی بۆ خزمەتکردنی بواری ئەرشیف و بەڵگەنامەی کوردستان.

شایانی باسە، بنكەى بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ناوەندێكى ئەرشیفیى ناحكوومییە كە ساڵى2004 لە شارى سلێمانى دامەزراوە. ئەم ناوەندە تەرخانی كۆكردنەوە، پاراستن، ڕێكخستن و زیندووكردنەوەى سامانى بەڵگەنامە، دەستنووس، رۆژنامەگەری و كتێبی تایبەت بە كورد و كوردستان و تۆماركردنى مێژووى زارەكیى كوردەوارییە.