چاوپێکەوتنی سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ واشنتۆن تایمزی ئەمریکی
١٢ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامونووسێكی ئەمریكی باس لە دواین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە دەكات و دەڵێت دەتوانن رۆڵێكی گرنگییان هەبێت بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن.
تیم كۆنستنتین رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریكی گفتوگۆیەكی لەگەڵ لەگەڵ د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بڵاوكردووەتەوە كە لە گەشتێكیدا بۆ بەغداد ئەنجامی داوە.
سەرۆك كۆمار لەسەرەتادا مێژووی پڕ لە كێشەی عیراقی باسكردوە لە سەردەمی دیكتاتۆریەتەوە تا سەرهەڵدان و كۆتاییهێنان بە گروپی تیرۆریستی داعش، دەشڵێت، لە ئێستادا كاری لەپێشینەیان پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایش و سەقامگیری عیراقە.
وتیشی، رێز لە هەموو دراوسێكانیان دەگرن و پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵیان هەیە بە وڵاتانی ناوچەكەشەوە.
د.لە تیف رەشید دەڵێت، بەپێی دوایین سەرژمێری دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووانی عیراق گەیشتووەتە (46) ملیۆن كەس، كە 60٪یان لە دوای ساڵی 2003 لەدایكبوون، ژمارەیەكی زۆر دەرچووش هەن، بەشێوەیەك رەنگە لە هەموو وڵاتێكی تر زیاتر بێت، ئەمەش بەهۆی ژمارەی زانكۆكان و ئەو كەشە ئەكادیمیەی لە عیراق رەخساوە.
لەبارەی رەوشی ناوچەكە سەرۆك كۆمار دەڵێت، دەتوانن رۆڵێكی گرنگ لە ناوچەكەدا ببینن و هەوڵیانداوە بۆچوونەكانی ئێران و سعودیە لەیەكتر نزیك بكەنەوە كە سوودی بۆ هەمووان هەیە، جگە لەوەش عێراق دەتوانێت رۆڵێكی گرنگی نێوەندگیری لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەبێت.
لەبارەی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سوریاش، د.لەتیف رەشید رایگەیاندووە، ئێستا سوریا ئیدارەیەكی نوێی هەیە، هیوادارن حكومەتی داهاتوو رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلەكەی بێت، جا لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بێت یان لە رێگەی ئەو هەنگاوە دیموكراسیانەی كە پێویستە بنرێن و هەموو لایەنەكان بەشداربن لە حكومەتدا.
سەرۆك كۆمار دەشڵێت، عیراق مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ 6 یان 7 هەزار ساڵ لەمەوبەر، كە یەكەم یاسا و سیستمی ئاودێری، كشتوكاڵ، دروستكردنی كۆشك لە عێراق هەبووە، جگە لە زانست و بیركاری و نامە نووسراوەكان كە هەموویان لە عیراقەوە دەستیان پێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق شوێنی هەموو ئایینەكان بووە.
لەبارەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغدادیش سەرۆك كۆمار دەڵێت، پێویستە پەیوەندییەكان باشتر بن لە رێگەی گفتگۆی نێوان وەفدی باڵای هەردوولاوە كە لە بەغداد بێت یان واشنتۆن، وتیشی، هانی سەرۆكی ئەمریكا دەدەن بەڵێنەكەی بۆ پاراستنی ئارامی لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بكات كە ئەوەش بەبێ كۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێكان لە ناوچەكەدا كارێكی ئاسان نابێت، بە تایبەتیش ئاڵۆزییەكانی ئێستای سوریا، فەلەستین، لوبنان، یەمەن، سودان و سۆماڵیش.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە دەڵێت، لە بەشێكی گفتوگۆكەیدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار لە بارەی دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق گفتوگۆیان كردووە و د.لەتیف رەشید وتویەتی، ئەگەر بە وردی تەماشای دەسەڵاتی داوەری بكرێت، گۆڕانكارییەكان بەدی دەكرێن كە بە شێوەیەكە بەراورد ناكرێت لەگەڵ ساڵانی رابردوودا، بەڵام هێشتا كێشەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئازادی، قسەكردن، مافی مرۆڤ، نەتەوەیی، رەوشی ئایینەكان لەعیراق لە زۆر وڵات باشترە.
د.لەتیف رەشید لە كۆتایی گفتوگۆكەیدا ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە، لەبارەی پەیوەندییەكانی عیراق و وڵاتانی رۆژئاوا، رایگەیاندووە، پەیوەندییان لەگەڵ رۆژئاوا بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر ئاسایش بووە، بەڵام لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ بواری وەبەرهێنان و ئابوری، چەندین كۆمپانیای گەورە لە كەرتی وزە لە عیراق لە بواری پترۆكیمیایی و نەوتدا چالاكن و لە عیراق وەبەرهێنان.