کوردسات نیوز ناوەڕۆکی راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر بودجە بڵاودەکاتەوە
ئایار
١٧ی نیسانی ٢٠٢٣
لیژنەی دارایی لە راپۆرتەکەیدا کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە رەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت و دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە تێبینییەکانیان لە رەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا لەبەرچاوونەگیراوە، لەوانە:
١. چاکسازی لە کەرتەکانی ئابووری و دارایی و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بانکی و پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت.
٢. رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی بودجەی گشتی و ئیدارەی دارایی گشتی بۆ کەمکردنەوەی فشاری خەرجییەکانی بەکاربردن، لەپێناو بەرژەوەندی پڕۆژەکان و کارنامەی تایبەت بە گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی فشاری قەرزەکان.
٣. پشتبەستن بە ھەژمارکردنی خەرجی-داھات لە خەرجییەکانی حکومەت
٤. ھێشتنەوەی کورتھێنان لە ئاستێکی قبوڵکراوی ئابووری و دارایی
٥. رەخساندنی ھەلی کاری نوێ لە کەرتی تایبەتدا
٦. تەواوکردنی پڕۆسەی دانەوەی قەرزە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی قەرزە دەرەکییەکان
٧. نەخشەرێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەست بە داھاتی نەوت بۆ ٨٠%، لە رێگەی ھەمەجۆرکردن و پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی
٨. دانانی دەقی یاسایی بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت
٩. پابەندکردنی وەزارەتی کار بە دیاریکردنی رێژەی دانیشتووان و رێژەی ھەژاری
لیژنەی دارایی دەشڵێت، ژمارەیەک تێیبینیان ھەیە، لەسەر پڕۆژە یاساکە کە بریتین لە:
١. کەمکردنەوەی بودجەی گەشەپێدانی ھەرێمەکان بۆ دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، لەکاتێکدا لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ چوار ترلیۆن دینار بووە
٢. بەردەوامبوون لە پشتبەستن بە داھاتی نەوت بە رێژەیەکی زۆر، لە داھاتی خەمڵێندراو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە بودجەی ساڵی ٢٠٢١
٣. دانانی ھەندێک پڕۆژە لە بودجەی وەرھێنانی ساڵی ٢٠٢٣، کە راستەوخۆ پشت بە قەرز دەبەستێت
٤. بەرزبوونەوەی زۆری قەرزە گشتییەکان کە مەترسیە بۆ ئابووریی داھاتوو، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە ٩٥ ترلیۆن دینار کە ٧٠ ترلیۆن دیناری قەرزی ناوخۆیی بوو
٥. بەرزبوونەوەی کۆی خەرجییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە رێژەی ٥٣% بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١، کە کاریگەری نەرێنیی دەبێت لەسەر:
زیادبوونی تێکڕای ھەڵاوسانی ئابووری
زیادبوونی فشار لەسەر کۆی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی
وەزارەتی دارایی لە راپۆرتەکەیدا ژمارەیەک راسپاردەی ھەیە و جەخت لە گرنگیدان بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکاتەوە، ھەروەھا لە بەشێکی تری راسپاردەکانیدا دەڵێت:
١. چاوبخشێندرێتەوە بە قەبارەی خەرجییە پلان بۆ دانراوەکان بۆ کەمکردنەوەی کورتھێنان
٢. چاوبخشێندرێتەوە بە ھەیکەلیەتی داھاتی گشتی و پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی
٣. چاوبخشێندرێتەوە بە دەقی یاسایی پێشنیازکراوی تایبەت بە فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت
٤. بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی فۆڕمی خۆراک و ناردنی بۆ چینە ھەژارەکان
٥. پێویستە لە پڕۆژە یاسای ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥، ھەندێک دەقی یاسایی لیژنەی دارایی ھەبن، بۆ پاڵپشتیکردن لە داھاتی نانەوتی
٦. زیادکردنی پشکی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان
٧. پەرەپێدانی داھاتی نانەوتی و کارکردن لەسەر پەرەپێدانی چالاکییەکانی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان و پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان
٨. سەپاندی باجی پارچە بەسەر ھەموو مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و ھەموو ئەو کۆمپانیانیانەی لە عێراق کاردەکەن، جگەلە کۆمپانیاکانی نەوت
٩.پێویستە پەرە بە سیستمی بانکیی بدرێت لە رێگەی:
فراوانکردنی چالاکییە بانکییەکان
ناچارکردنی بانکەکان بە کردنەوەی ھەژمار بۆ ھەموو ھاووڵاتیان، لەپێناو گۆڕان بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی لە مامەڵە رۆژانەییەکانی ھاووڵاتیان
١. چاوخشاندنەوە و وردبینکردن بە ھەموو گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا
٢. چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان
٣. کەمکردنەوەی ئاستی کورتھێنان و رێکخستنەوەی ریزبەندی ئەولەویەتەکانی خەرجییە گشتییەکان
٤. کارکردن بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی وڵات و ھەمەجۆرکردنی بە تایبەت پێشخستنی داھاتی نانەوتی
٥. پشتگیریکردن لە کەرتی تایبەت و ھاوبەشیکردنی لە گەشەپێدانی ئابووری