راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد کە لە ١٥ ماددە پێکھاتووە و تیایدا رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی ھەردوو ھەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە.

٧٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتاری بەشێک لە فراکسیۆنەکان ناڕەزاییان دژی یاساکە دەربڕی و لەکاتی دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ھەوڵی راگرتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دا، بەوھۆیەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵیدا لەرێگەی ھێزی پاسەوانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بیانکاتە دەرەوەی کۆبوونەوەکە.

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نەدا، لەم بارەیەوە سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان رەزامەند نەبوو لەسەر ئەو بڕگانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کەرکوک دانراون.

بەگوێرەی ھەموارەکە ھەڵبژاردن لە کەرکوک ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە یەک رۆژدا پێکەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام پێویستە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بکرێت بە پشتبەستن بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ و چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش لە کەرکوک دەکرێت. 

لەکۆبوونەوەکەدا کە ١٨٩ پەرلەمانتار ئامادەبوون و کۆی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرا، بەگوێرەی ماددەی ٢ و ٦ و ٧ یاساکەش دەبێت پێش ٢٠٢٣/١٢/٢٠ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و بۆ خولەکانی داھاتووش پێویستە ٤٥ رۆژ پێش کۆتاییھاتنی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵبژاردن بکرێت.
یاساکە مەرجی خۆکاندیدکردنیشی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دیاریکردووە، کە دەبێت تەمەنی کاندید لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، ھەروەھا نابێت بە ھیچ سزایەکی تاوانکاری حکوم درابێت.

لە یاساکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت لەو ژمارەیەش ٩ کورسی پشکی کەمینەکان دەبێت، ھەروەھا کۆتای ژنان بە ٢٥% دیاریکراوە.