مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەیادی 14 ساڵەی شۆڕشی سوریادا رایگەیاند: لە یادی 14 ساڵەی شۆڕشی سوریادا، قوربانیدانی سورییەکان بۆ ئازادی و کەرامەت و دادپەروەریمان لەبیرە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە (X) دایناوە، نووسیوێتی: گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی وابەستەی چارەسەری سیاسی هەمەلایەنەیە، کە تیایدا ڕێز لە خواستەکانی گەلی سوریا بۆ دەوڵەتێکی دیموکراسی و فرەیی بگیرێت.
چواردە ساڵ بەسەر شەڕی سوریادا تێپەڕدەبێت، كە لە شاری درعا هەڵگیرسا کاتێک منداڵێکی سووری بە ناوی موعاویە سەیاسنە دروشمی دژی حکومەتی سوریا نووسی، بەڵام بە خێرایی دروشمەكەی زۆربەی ناوچەکانی سوریای گرتەوە.
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا هەموو ساڵێک سورییەکان یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە وەبیردێننەوە، کە دواتر بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و کۆچکردنی ملیۆنان کەس، هەروەها وێرانکردنی ژێرخان و پاشان هاتنە ناوەوەی وڵاتان و گروپە چەکدارەکان بۆ ئاڵۆزکردنی پرسەکە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بێشومار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، کە هەموویان شکستیان هێنا.