عێراق

ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەڵگەی باوەڕپێکراو لەسەر چەند کەسێک کە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان قاچاخچێتی بە نەوت و بەرھەمەکانییەوە دەکەن و بە شێوەیەکی نایاسایی ھەناردەی دەرەوەی عێراقی دەکەن، ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە چەند چالاکییەکدا سەرجەم ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و رادەستی دادگایان کردوون بۆئەوەی سزا بدرێن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەماوەی ٣٠ رۆژدا ھێزەکانیان دەستیان بەسەر سێ ملیۆن لیتر نەوت و بەرھەمەکانیدا گرتووە کە ئامادەکرابوون بە نایاسایی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن و ٩٠ تانکەر و ھەشت شوێنی کۆکردنەوەی نەوتیش بە نایاساییش دەستیان بەسەردا گیراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، تیمەکانیان یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی کۆگاکانی کۆمپانیای گشتی کارەبای بەسرە بە تۆمەتی ساختەکردنی پسوڵەی کەلوپەل و دیارنەمانی بڕی ٥٥٠ ملیۆن دینار دەستگیرکردووە.

لە بەشێکی تری رایگەینراوەکەدا ھاتووە، ئەو لێپرسراوەی کارەبا لە کاتی پشکنینی ماڵەکەی ھەوڵی راکردنی داوە، بەڵام دواتر توانرا دەستگیربکرێت، ئێستاش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بریارە دوای کۆتایھاتنی لێکۆڵینەوەکان بەمەبەستی دادگاییکردن رەوانەی دادگا بکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لەسەر پرسی فەلەستین کردەوە و رایگەیاند، پشتیووانیی تەواو بۆ گەلی فەلەستین دەردەبڕن و بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە دڕندانەیە دەکەن کە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامدراون.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین.

لەلایەکی ترەوە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، جەخت لە ھەوڵی نەگۆڕی عێراق بەرامبەر گەل و حکومەت و دۆزی فەلەستین دەکەنەوە و لەپاڵ گەلی فەلەستیندا دەوەستن بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی.

باسم عەوادی وتیشی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، لەسەر پێشێلکارییە ترسناکەکان و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەلی فەلەستین ھەڵوێستی ھەبێت، داواشی لە کۆمکاری عەرەبی کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی رەوشی فەلەستین بکات.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە ھێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، بە شانازییەوە پشتیوانی لە ھێرشەکانی حەماس دەکات و بەدواداچوون بۆ ئەو ھێرشە دەکات، ھێرشەکانیش بە پیرۆز ناودەبات.

راشیگەیاندوە، ئەو ئۆپراسیۆنە لە دەرەوەی توانا و بیرکردنەوەی ئیسرائیلدا نییە، کە چۆن ئەو ھێرشانەی کراوەتەسەر، داواش لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەکات پشتیوانی حەماس بکەن و لەگەڵ گەلی فەڵەستین بوەستن بۆ رزگارکردنی خاکەکەیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە ھەریەک لە پارێزگاکانی کەربەلا، موسەنا، نەجەف، کەرکوک، واست، سەڵاحەدین و بەسڕە، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە ٢٨٠ تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو بگرن، کە ھەوڵداوە بەسەر ھاووڵاتییاندا ساغبکرێتەوە.

دەزگای ئاسیاشی نیشتمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پارێزگای دیوانییە توانیویانە دەستبگرن بەسەر زیاتر لە ١٢٠ تۆن پەیینی کیمیای، کە رەزامەندی بەکارھێنانی نەبووە و دوو کەسیش بە تۆمەتی ھێنانی ئەو پەیینە کیمیاییە بە قاچاخ دەستگیربکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی غاز و وزە بۆ عێراق، زیاد عەلی وەزیری کارەبا لەگەڵ بابایێڤ وەزیری دەوڵەتی تورکمانستان بۆ کاروباری غاز یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکردووە، بۆ دابینکردنی بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەداوە، رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و تورکمانستان لەبارەی غاز و وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق، دەستپێشخەرییەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، لەھەمانکاتیشدا دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی بەھەدەردانی غاز لە عێراق.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێککەوتنەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی کارەبا لە عێراق دەبێت، راشیگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵ پلانی ھەیە بۆ بەکارھێنانی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا و دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی سووتەمەنی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی نووسینگەکەی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لەو بریندارانەی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش کۆبووەتەوە کە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە و کەمئەندام بوون و رایگەیاندووە، قوربانیدانی ئەوان و سەرجەم ھێزە ئەمنی و چەکدارەکانی دیکەی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش سەقامگیری و ئارامی بۆ وڵات گەڕاندەوە.

سیستانی ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ھەنگاوی زیاتر بنێن بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی ھەموو ئەوانەی لەپێناوی عێراقدا خۆیان کردووەتە قوربانی بەتایبەتیش بریندارانی شەڕی دژ بە داعش.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە عێراق جگە لەوەی بەدەست قەیرانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە دەناڵێت، وڵاتانی دراوسێش پابەندی رێککەوتن و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان نین بۆ دابینکردنی بەشەئاوی عێراق کە کاریگەری خراپ و زیانی زۆری ھەبووە بە تابەتیش بۆ جوتیاران و گوندنشینان.

وتیشی، پێویستە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جێبەجێبکرێن لەپێناو دابینکردنی بەشەئاوی عێراق بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران کە دوو سەرچاوەی سەرەکین بۆ ئاوی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق  بەبۆنەی ھاتنی جەژنی جەمای ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلی ئێزدی دەکەن بە بۆنەی جەژنی جەما و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان، دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییە تاریکپەرستانەی کە کردنیە ئامانج.

ھەروەھا سەرۆککۆمار داوادەکات ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت، بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی باڵای سەربازی و لەسەر بانگھێشتی رەسمیی ھاوتا تورکییەکەی، گەیشتووەتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.

وەزارەتی بەرگریی عێراق دەشڵێت، ئەمڕۆ سابت محەمەد بە مەراسیمێکی رەسمیی لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لێدەکرێت و لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا کۆدەبێتەوە و پرسە ئەمنی و بەرگرییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە و ھاریکارییەکانی بواری بەرگری تاوتوێ دەکەن.

سەردانی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، دوای تەقینەوەکەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ھێرشەکانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، زیادیانکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرمانگەی راگەیاندن لە سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، دەزگاکانی راگەیاندن چەند بەڵگەنامەیەکیان بەناوی سەرۆکایەتی کۆمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بە پێشێلکاریی یاسایی و گەندەڵی ئیداری و دارایی دەکەن.

سەرۆکایەتی کۆمار جەختدەکاتەوە، ئەو بەڵگەنامانە زۆر دوورن لە راستییەوە و دروستکراون لەلایەن کەسانێک کە ئامانجیان زیان گەیاندنە بە ناوبانگی دەوڵەت و شکۆی سەرۆکایەتی کۆمار، بۆیە دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار وڵان لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و ھەموو ئەو کەسانەش کە بەڵگەنامە دروستکراوەکان بڵاودەکەنەوە و بانگەشەیان بۆ دەکەن دادگایی دەکرێن.

 فەرمانگەی راگەیاندن لە سەرۆکایەتی کۆمار داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەرپرسانی  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات لە بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی ھەواڵ و زانیاری و بەڵگەنامە ساختەکاندا وردبینی بکەن پێش بڵاوکردنەوەیان، چونکە روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مازن سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی وەبەرھێنان و ئاڵوگۆڕی دەرەکی لە بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بانکی ناوەندیی ھاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە ھەرکەسێک پارەی بە دۆلار لە بانک دانابێت، ھەر بە دۆلاریش پارەکەی پێدەدرێتەوە و ئەو رێکارەش لە ساڵی ٢٠٢٤_دا بەردەوام دەبێت و ھیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت.

لەبارەی ئەو پارەیەش کە بە دۆلار لە دەرەوە دێتە ناو عێراق، ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی باسی لەوەکردووە، لە ١-١-٢٠٢٤ەوە ھەر پارەیەک بە دۆلار بێتەناو عێراق، بە دیناری عێراقی و بەنرخی رەسمی دەدرێت بەو کەسەی پارەکەی بۆ نێردراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوەو بەپێی راگەیەندراوێکی نووسنیگەکەی سودانیش باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پرۆژە ھاوبەشەکانی نێوانیان و ھەماھەنگی زیاتریان کردووە لە نێوان حکومەتی عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی سودانی پلاسخارت گفتوگۆ بووە لەسەر دۆسێی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بەو مەرجەی سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و ناوچەکانیشیان ئاوەدان بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو لێپرسراوی عێراقی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بە "عەرەبی جەدید"یان راگەیاند، سەردانەکەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مانگی ئابی رابردوو بۆ ئامادەکاری بووە بۆ سەردانەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کە بە نیازبوون لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دابنێن، کە بەسرە بە خاکی تورکیاوە دەبەستێتەوە. 

راشیگەیاند، ئەو سەردانە ھێشتا لە خشتەی کاری ھەردوو وڵاتدا ھەیە، بەڵام بەستراوەتەوە بەرێککەوتن لەسەر چەندین دۆسیەی وەک، پەکەکە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و بەردانەوەی ئاو.

حکومەتی عێراق لە ٢٥ی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەردانی ئەردۆغانی بۆ عێراق راگەیاند، کە بڕیاربوو لە مانگی تەمموز ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا سەردانەکە نەکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەقید بیلال سوبححی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، سەرەڕای پلان و رێکارە ناوخۆییەکان و ھەماھەنیگی نێوان حکومەتی عێراق وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

وتیشی، سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی نۆی رابردوو، نزیکەی ١٢ ھەزار کەس لە عێراق لە سەر بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ھەر لە ماوەی ئەو نۆ مانگەشدا ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ٣ تۆن و ٥٠٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا کردووە لەسەرجەم جۆرەکانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا زۆرێک لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانییە کە ژمارەیان ٨٢ کەس بوو چارەسەری پێویستیان بۆ کراوەوە رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، تەنھا ١٩ بریندار لە نەخۆشخانەکانی موسڵ و ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

راشیگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان تائێستا گەیشتووەتە ١١٩ کەس و چەندین تەرمیش ھێشتا نەناسراونەتەوە و بۆ دۆزینەوەی ناسنامەیان رەوانەی پزیشکی داد کراون لە بەغداد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی "دی ئێن ئەی " بۆیان.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا ٣٠ برینداری رووداوەکەش بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و رەوشی تەندروستی بەشێکیان جێگیرە.

شەوی سێشەممەی رابردوو لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی قەزای حەمدانیە، بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرینەوە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە کارەساتێکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...9091929394...338