موعین کازمی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتج لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات ئاشکرایکردووە، ھۆکاری ھەڵنەبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنەکەی رۆژی چوار شەممە ئەوە بووە بە رەسمی ناوی ھیچ کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە پێشکەش نەکراوە، ئەو ناوانەشی لە راگەیەندراوەکان بڵاوکراونەتەوە تائێستا بە رەسمی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراون بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەر یەکێک لەو ناوانە رێکبکەون.
وتیشی، پێش ھەر ھەنگاوێک پێویستە لایەنە سوننەکان لەسەر ناوی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبوسی رێکبکەون و دواتریش ئەو کاندیدە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و کوتلە کوردییەکانەوە پەسەند بکرێت.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەکاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و لەگەڵیدا ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە پەرۆشن بۆ ھەوڵدان لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی بەدەستھاتو و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتیان، ئەم پەرەسەندن و پێشێلکردنەی سەروەریی عیراق قبوڵ ناکرێت، کە لەوانەیە ببێتەھۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.
ھەروەھا سەرۆکایەتی کۆمار جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بڕیاری ئاسایشی عیراقی، بڕیارێکی سەروەرییە و تەنھا پەیوەستە بە دەسەڵاتی حکومەتی عیراق و مافی ھیچ لایەنێکی دیکە نییە تاک لایەنە لەڕێگەی ئەو ھەڵسوکەوتانەوە، کە دژی بەرژەوەندی باڵای وڵات و ھاووڵاتیانە، وێنەیەکی نەرێنی وڵات بخاتەڕوو، ئەو جۆرە رەفتارانەش پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتە لە وێناکردنی سیاسەتی باڵای ئاسایشی وڵاتدا.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا درەنگانی شەوی رابردوو وەڵامی ئەو ھێرشەیان داوەتەوە کە کرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.
ھاوکات، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار کرایە ئامانج، ھێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بە فڕۆکەی جەنگی AC-١٣٠ وەڵامی ھێرشەکەیان دایەوە.
لەدوای دەیانجار ھێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئەوە یەکەمجارە واشنتن وەڵامی ھێرشەکان دادەتەوە، بەرپرسەکەی ئەمریکا دەڵێت، وەڵامدانەوەکە دوای ئەوە ھاتووە کە ھێرشی گروپە چەکدارییەکان بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد برینداری لێکەوتووەتەوە و زیانیش بە ژێرخانی بنکەکە گەیشتووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش دەڵێت، لە ١٧ی تشرینی یەکەم و دوای ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، گروپەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە ٦٠ جار بنکەکانی ئەمریکایان لە عێراق و سوریا کردووەتە ئامانج.
لە سەرەتای رێوڕەسمی ئیمزاکردنەکەدا، ھەردوو سەرۆک داوایان لە وەزیر و ئەندامانی ھەردوو وەفدەکە کرد، دەست بە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکان بکەن، لەسەرەتادا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەسەرھاوکاری نێوان وەزارەتی کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئازەربایجان و ھاوتا عیراقییەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئیمزاکرا، لایەنی عیراقی کە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو، رێککەوتنەکەی ئیمزاکرد، لە لایەنی ئازەربایجانەوە سەھل بابایێڤ وەزیری کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی دانیشتوان ئیمزای کرد.
دواتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ھاوکاری لە بواری گەشتیاری لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق بەڕێز زافر مەھدی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئیمزای کرد، بەڕێز فوئاد ناجیێڤ سەرۆکی ئاژانسی حکومەت بۆ گەشتوگوزار بەنوێنەرایەتی کۆماری ئازەربایجان ئیمزای کرد.
ھەروەھا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە راوێژی سیاسی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی ھەردوو وڵات ئیمزاکرا، کە بە نوێنەرایەتی عیراق لەلایەن بەڕێز حسێن بەحر ئەلعلوم بریکاری وەزیری دەرەوە، لایەنی ئازەربایجانیش لەلایەن جەیھون عەزیزۆغڵو بیرامۆڤ وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی دەکرا.
ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی ئەو یاداشت و رێککەوتننامانە بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کۆتاییھات، کە لە لایەنی عیراقییەوە بەڕێز عیماد ئەسەدی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیمزای کرد، لەلایەنی ئازەربایجانەوە بەڕێز رەشاد نابیێڤ وەزیری گواستنەوە و گەشەپێدانی دیجیتاڵی ئیمزای کرد.
لە پەراوێزی مەراسیمی ئیمزاکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکان، ھەردوو سەرۆک لەتیف جەمال رەشید و ئیلھام عەلیێڤ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان دەربڕی بۆ بانگھێشت و پێشوازی گەرمی، جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکە سەرکەوتو و بەرھەمدار بووە و ھەردوولا بەدوای ھاوکاری و گەشەپێدان و وەبەرھێنانی زیاتر لە ژێرخانی ئابوری و نەوت و غاز و پرۆژەی جیاوازدا دەگەڕێن و لە ھەمانکاتدا وەبەرھێنان لە عیراق و ھاندانی بواری گەشتیاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، کە لە دیداری دوو قۆڵیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان باس لە بارودۆخی عیراق و ئەو ئازادی و دیموکراسییە کراوە، کە لە ژێر سایەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بەدەستیدەھێنێت، ھەروەک ئاماژەی بەو دۆخانە دا، کە عیراق پێیدا تێپەڕیوە، لەوانە جەنگ و ئابڵوقە و تیرۆر، کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وڵاتەکە ھەبو و بوەھۆی داڕوخانی ژێرخانی وڵاتەکە، بەڵام ئەمڕۆ عیراق لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و ئاشتی و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەنێوان سەرجەم مەزھەب و پێکھاتەکانی، شاھیدی پێشھاتە ئەرێنییەکانە.
سەرۆککۆمار رایگەیاند، عیراق پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە ھەیە بەوپێیەی ئابورییەکی بەھێزی ھەیە، کە تا رادەیەکی زۆر پشت بە نەوت دەبەستێت و رۆژانە ھەناردەکردنی دەگاتە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، ھەروەھا لە بواری کشتوکاڵ و گەشەپێدانیشدا پێویستی بە ھاوکارییە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتر. رونیشیکردەوە، کە سودی سەردانەکەی بۆ باکۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە، ھەروەک وەفدی ئازەربایجان بەمزوانە دەگاتە بەغدا و بەشدار دەبێت لە دروستکردنی کەشێکی نوێ بۆ ھاوکاری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە، کە عیراق باوەڕی بە پرەنسیپی دیالۆگ ھەیە بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ و وێرانکاری، جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین و پێکھێنانی دەوڵەتەکەیان بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە.
سەرۆککۆمار ئیدانەکردنی ئەو کردەوانەی دوپاتکردەوە، کە لە غەزەدا ئەنجامدەدرێن لە کوشتن و پەلاماردانی مەدەنییەکان، سەرەڕای پەلاماردانی ژێرخانی غەزە لە خوێندنگە و نەخۆشخانە و خانو و دانیشتوان. ئومێدیشی خواست ئەو قەیرانە دەستبەجێ کۆتایی پێبێت و گەلی فەلەستین مافەکانی لەسەر خاکەکەی وەربگرێتەوە.
سەرۆککۆمار روونیکردەوە کە زۆر بابەت ھەن کە دەتوانرێت بە وردی لەگەڵ سەرۆک عەلیێڤ تاووتوێ بکرێن، بەڵام ئەو بابەتانە بۆ وەزیرەکانی ھەردوولا جێدەھێڵێت، کە دەرئەنجامە تەواوکەرەکان رێکبخەن.
ھەروەھا بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی بە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنانە و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوو وڵات دەربڕی و جەختی لەسەر بەدواداچوونی زیاتر لەپێناو دروستکردنی پەیوەندیی پتەو کردەوە، سەرۆک کۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک ئیلھام عەلیێڤ و گەلی ئازەربایجان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە بونیادنانی وڵاتەکەیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
لە بەرامبەردا ئیلھام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان بەخێرھاتنی سەرۆککۆماری کرد و سەردانەکەی بە مێژوویی وەسفکرد بەوپێیەی یەکەم سەردانی رەسمیی سەرۆک کۆماری عیراقە بۆ ئازەربایجان و ستایشی بەشداریکردنی پێشووی کرد لە کۆنفرانسی وڵاتانی بێلایەن.
سەرۆک عەلیێڤ ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم سەردانە دەبێتەھۆی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و درێژەپێدەری پشتیوانیی یەکتری نێوان ھەردوو وڵات دەبێت لەڕێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی وڵاتانی بێلایەن و رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەمیشەش بەرگری لە سەروەری و پاراستنی خاکی یەکتر دەکەن.
عەلیێڤ رونیکردەوە، کە کورتەیەکی لەبارەی سروشتی پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ ئەرمینیا بە سەرۆک کۆمار داوە، جەختی لەسەر ھەوڵەکانی ئازەربایجان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەرمینیا و کارکردن بۆ دانانی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، کردەوە.
سەرۆکی ئازەربایجان باسی لەوەکرد، کە مانگی داھاتوو لیژنەی دوو قۆڵی عیراق و ئازەربایجان لە بەغدا کۆدەبێتەوە، ھەروەھا لە ماوەی داھاتودا ھێڵی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ھەردوو پایتەخت فراوانتر دەبێت بۆ کەرکوک و ھەولێر و بەسڕە، ھەروەھا ھەوڵدەدەن ئاسانکاری بکەن بۆ پێدانی ڤیزەی ھاتنە ژورەوە و گەشتیاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، جەخت لەوەش دەکەنەوە، کە ئەم سەردانە بۆ ئێمە سەردانێکی سەرکەوتوە و بەردەوام دەبین لە دیالۆگ.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لەگەڵ ئەنجومەنی راژەی فیدڕاڵی رێککەوتوون بۆ دەرکردنی فەرمانێکی دامەزران بۆ ٥٠٠ لێکۆڵەر لە وەزارەتی بەرگری.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە داھاتوودا لیستێکی لێکۆڵەری دیکە کە ژمارەیان ٧٠٠ کەسە رادەگەیەندرێت و بەمەش ھەزار و ٢٠٠ لێکۆڵەر دادەمەزرێن بەپێی ئەو خشتەیەی لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، بەمەبەستی دەستگەیشتنی بازرگانان بە دۆلار بە نرخی رەسمی کە پێشووتر دراوی بیانیان لە بازارەکاندا پەیدا دەکرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بازرگانانی زێڕ، ئۆتۆمبێل، مۆبایل و جگەرە دراوی بیانییان لەرێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنییەوە بە نرخی رەسمی پێبدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی دۆلار لە بازاری ناڕەسمیدا، چونکە ئەوانەی بڕیارەکە دەیناگرێتەوە بەشێکی سەرەکین لەوانەی لە بازاری ناڕەسمیدا کڕیاری دۆلار بوون.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریشیدا باجی گومرگی سەر ھێنانی جگەرە و مۆڵەپێدانی کەمبکاتەوە، رێکارەکانی ھاوردەکردنی زێڕیش بە خزمەتگوزاری ٢٤ سەعاتی لە ڕێگەی ھێڵی ئاسمانییەوە ئاسانتر بکات.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی دووشەممە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە مووشەکی نزیک مەودا سەربازگەی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج، کە ھێزەکانی ئەمریکای تیادا جێگیرن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئاکامی ھێرشەکە ھەشت ئەمریکی لەناو سەربازگەکەدا برینداربوون.
ئاژانسی رۆیتەرز راشیگەیاندووە، ئەمریکا لە وەڵامی بۆ ئەو ھێرشە بە فڕۆکەی " ئەی سی ١٣٠" سەربازی ئۆتۆمبێلێک و چەند چەکدارێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە نزیک سەربازگەی عەین ئەسەد کردووەتە ئامانج و ھێرشەکەش کوژراوی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا وەڵامی ھێرشی گروپە چەکدارەکان بدەنەوە.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حیزبی سیادە و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ھاوپەیمانی تەقەدوم بەئامادەبوونی ٦٢ پەرلەمانتاری سوننە کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، سوننەکان بە رێککەوتن سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکەن و دەیانەوێت بۆشایی لە دەسەڵاتی یاساداناندا دروستنەبێت و داواش دەکەن یاسا گرنگ و ھەڵپەسێردراوەکان لە قۆناغی داھاتوودا پەسەند بکرێن.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ و پەسەندکردنی ھەمواری یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دوو بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوو پەرلەمانتاری سوننە کە پێکھاتوون لە مەحمود مەشھەدانی و سالم عیساوی رۆژی چوارشەممە خۆیان دەپاڵێون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و ئەگەر ماڵی سوننە بگەنە رێککەوتن، لەکۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەدا ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەتەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغداد و واشنتۆن و ھاریکارییەکانی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کردووە و بڕیاریشە بانکی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمریکا ھەفتەی داھاتوو کۆببنەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارە ئەمنییەکان و نوێنەرانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
وتیشی، ھێزە ئەمنییەکان، ئەرکە یاساییەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خاکی عێراق جێبەجێدەکەن.
سەدر لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، ھەروەک چۆن عێراق لە شۆڕشی بیستەمدا لەسەر دەستی عەشیرەتەکان ئازادکرا و جێ پەنجەیان لە مێژوودا لەبیر ناکرێت، ئێستاش متمانەی ھەیە کە خاوەن ھۆز و عەشیرەتەکان و شێخ و خێڵەکان و ھەموو تائیفەکان دەنگیان بەرز دەکەنەوە و بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرن لەپێناو پشتیوانیکردنی غەززە.
پێشتریش سەدر چەند پەیامێکی ھەبووە بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستینییەکان و داوای لە لایەنگرانی کردبوو لە پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندانی ملیۆنی بکەن، داوای لە وڵاتانی دراوسێی فەڵەستینیش کردبوو، رێگە بە لایەنگرانی بدەن بچنە سنوری فەڵەستین و ھاوکاری لەگەڵ خۆیان ببەن.
خەشان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران لە ساتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە لە دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئاگادارکراوەتەوە، ئەو بڕیارەشی بە بڕیارێکی تایبەت وەسفکرد کە پێچەوانەی ویستی سیاسی بووە کە ھەوڵی ھێشتنەوەی حەلبوسی دەدرا.
خەشان باسی لەوەشکرد، ئەو بڕیارە کۆتایی بە ژیانی سیاسی حەلبوسی ھێناوە و پێشبینی دەکات لە دانیشتنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ شوێنگرتنەوەی حەلبوسی بکرێتەوە، وتیشی، ئەو دوو کۆبوونەوەیەی لەم ماوەیەدا کراون نایاسای بوون.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیریی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئەو وەزیرانە راستەوخۆ دەستبە کارەکانیان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان دەکەنەوە.
وتیشی، رەتکردنەوەی دەست لەکارکێشانەوەی ئەو سێ وەزیرە، بۆ جەختکردنەوەیە لە کارنامەی حکومەت بۆ گەرەنتیکردنی نوێنەرایەتیی سیاسی بۆ ھەموو خەڵک و پێکھاتە و ھێزە سیاسییەکان، ھەروەھا بۆ ھەماھەنگیکردنە لە پابەندییەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتی و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە نەبێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، دادگای فیدڕاڵیی عێراق، سکاڵایەکی لە دژی محەمەد حەلبوسی یەکلاییکردەوە و کۆتایی بە ئەندامێتییەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھێنا، لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و رۆشنبیری کە لە پشکی حزبەکەی حەلبوسین دەستیان لەکارکێشایەوە.
بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکە، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە تایبەتە بە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەنجومەن، ھەروەھا بڕگەیەکی تریش تایبەتە بە دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوو پەرلەمانتاری سوننە کە پێکھاتوون لە مەحمود مەشھەدانی و سالن عیساوی رۆژی چوارشەممە خۆیان دەپاڵێون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و ئەگەر ماڵی سوننە بگەنە رێککەوتن، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەەمە ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە.
سادق جومعە جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کرد و داوای کرد، کۆمیسیۆن بە خێرایی ئاگاداریان بکەنەوە لە ناوی ئەو کاندیدەی کە لە بازنەی یەکی پارێزگای ئەنبار، لە نێوان کاندیدە شکستخواردووەکاندا زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە، ئەوەش لەپێناو دانانی وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی کە لە ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخراوەتەوە.
رۆژی ١٤ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھێنا، بەپێی نوسراوەکەی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەو کاندیدەی لە بازنەی یەکی پارێزگای ئەنبار لە نێوان کاندیدە دەرنەچووەکانی ئەو بازنەیەدا زۆرترین دەنگی لە ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستھێناوە، لە بری محەمەد حەلبوسی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.
سەلام عەجەمی، سەرکردە لە حزبی تەقەدوم بە رۆژنامەی مەدای راگەیاندووە، تیمێکی یاسایی پێداچوونەوە بە ھەموو لایەنەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات، سەبارەت بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران.
وتیشی، پاڵنەری سیاسی لە پشت ئەو بڕیارەوە ھەیە و ئەگەر لە رێکارە یاساییەکان لە ناوخۆ شکست بھێنن، ئەوا پەنا دەبەنە بەر دادگا نێودەوڵەتییەکان و خۆپیشاندان دەکەن.
سەلام عەجەمی باسی لەوەشکرد، حەلبوسی رێز لە یاسا و بڕیارەکانی دادگا دەگرێت و دەبێت گەلیش وتەی خۆی لەسەر ئەو پرسە ھەبێت.
جەختیشیکردەوە لەوەی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەر بۆ حزبی تەقەدوم دەبێت چونکە گەورەترین کوتلەن، ئەگەر شکستیش بھێنن لە گەڕانەوەی حەلبوسی، ئەو کاتە ناوی جێگرەوەکانی ئاشکرا دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گەشەپێدانی کەرتی نەوت کردووە بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و جەختیکردووەتەوە لەپێویستی زیاتر گەشەپێدانی کەرتی نەوت و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرھێنان لەو بوارەدا بەشێوەیەک کەرتی نەوتی عێراق ببەسترێتەوە بە ھێڵە نێودەوڵەتییەکان، چونکە نەوت سەرچاوەی سەرەکی داھاتە بۆ حکومەتی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدواداچوونی کردووە بۆ دواین ھەوڵ و دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە.