سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغداد ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٨ مووشەک ئاڕاستەی بەغداد کراون و ٣ مووشەکیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کەوتوونەتە خوارەوە، موشەکەکانی تریش لە نزیک گرتووخانەی کەرخ و شوێنێکی چۆڵ لە نزیک دەزگای دژەتیرۆر لە نزیک بارەگایەکی فریاکەوتنی خێرا کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، موشەکەکان ھیچ زیانێکی گیانی و مادیشیان نەبووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ڕایگەیاندووە، یەکێک لە مووشەکەکان لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کەوتووەتە خوارەوە.
(یەحیا ڕەسوڵ) وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا کەمتر لە (٤) ھەزار خێزانی ئاوارە بۆ قەزای شەنگاڵ و ناحیەی زومماری سەر بە پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت، تا ئێستا ڕەوشی ئەمنی ناوچە ڕزگارکراوەکان ڕێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پێشنیازیان بۆ کەمپی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، لە سەر خواستی خۆیان دەتوانن کەمپەکان بەجێبھێڵن و بچنە ناوچەیەکی تر، تا ڕەوشی ئەمنی لە ناوچەکانی خۆیان ئاسایی دەبێتەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕاشیگەیاند، تا ئێستا (٣٩) ھەزار خێزانی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست، لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ماون.
(حەسەن کەعەبی) جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران دەست لە کاروبارەکانی بانکی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەھای دۆلار وەرنادات، و ڕای گشتیش کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ئەو سیاسەتە نابێت، بەڵام لە بەرامبەردا پێویستە حکومەت میکانزمی نوێ بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی بەھۆی دابەزینی بەھای دینارەوە سەریانھەڵداوە، بە تایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک.
(حەسەن کەعەبی) وتیشی، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، پشتیوانی ھیچ پڕۆژەیەک ناکات بۆ دووبارە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، بە پێچەوانەوە ڕەتیشیناکاتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا سیستمی بەرگری ئاسمانیی پاتریۆت لە عێراق ئامادە دەبێت و چیتر لە بەرامبەر ئەو ھێرشانە بێدەنگ نابن کە دەکرێنە سەر ھێزەکانیان و ناوەندە دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق ھەست بە سوود و گرنگی ھێزی ئەمریکا دەکات لە وڵاتەکەیدا و بە مەبەستی پاراستنی ناوەندە دیبالۆماسییەکان و ھێزەکانیشیان پەیوەندییان لەگەڵ حکومەت و ھەواڵگری عێراق ھەیە.
جەختیشیکردەوە، سەرجەم ئەو ھێرشانە بە کردەوەی تیرۆریستی ھەژمار دەکەن، بۆیە بڕیاریانداوە سیستمی بەرگری ئاسمانیی پاتریۆت لە عێراق جێگیر بکەن.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی، لە ھیچ دۆخێکدا بڕیار نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھێزەکانی حەشدی سەعبی و بە ھیچ شێوەیەکیش چەک ڕادەست ناکەن، چونکە ئێستا بەشێکن لە سوپای عێراق و ھێزەکانی بە پێی یاسا ڕێکخراوە.
ڕاشیگەیاندووە، حەشدی شەعبی ڕۆڵی دەبێت لە دانوستانەکانی نێوان (تاران و سعودیە) بە نێوەندگیری بەغداد، بەڵام ڕێگە نادەن عێراق ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی تەئکیدیی کردووەتەوە، لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر گرێبەستکراوە بۆ دابینکردنی ٤ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆزی تری ڤاکسینی کۆرۆنا.
رونیشیکردووەتەوە، لە عێراق سێ جۆری ڤاکسین لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتیان پێبەستراوە، ئەوانیش بریتین لە فایزەر و ئەسترازینیکا و سینۆفارم.
وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ماجید حەنتوش وەزیری کارەبای عێراق سەردانی تاران بکات و لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران چەند رێککەوتنێک لەبواری وزەدا ئیمزا بکات.
روونیشیکردەوە، تەوەری سەرەکی سەردانەکەی وەزیرانی کارەبای عێراق بۆ تاران، دابینکردنی غازە لەلایەن ئێرانەوە، بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراقدا.
پێشتر و لەمانگی ئاداری رابردوودا، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو، پێویستیان بە دابینکردنی غازی زیاترەو بۆئەو مەبەستەش حکومەتی ئێرانیان لەم پرسە ئاگادار کردووەتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کار لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازی گازی سروشتیی ناوخۆی عێراق دەکەن. وتیشی، بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ڕۆژانەی وێستگەکانی کارەبا، پێویستیان بە کڕینی ٥٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشتییە لە ئێران.
ڕاشیگەیاند، پشت بەستنی عێراق بە کڕینی گاز لە ئێران، تا ٢٠٢٤ بەردەوامە دەبێت، پێش ٢٠٢٢یش ھەوڵدەدەن لە سەرچاوەی ترەوە جگە لە ئێران، گازی سروشتی ھاوردە بکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە عێراق خاوەن بڕێکی زۆر لە گازی سروشتییە، بەڵام بەھۆی نەبوونی پیشەسازیی و خراپی حکومڕانیەوە بەفیڕۆدەچێت.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڵاویکردەوە،، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ھەشت ھەزار و ٤٥٠ کەس لە سەرتاسەری عێراق تووشی کۆرۆنا بوون، ٣٠ تووشبوو گیانیان لە دەستدا و شەش ھەزار و ٨٧٢ تووشبووی تریش چاکبوونەوە.
تا ئێستا لە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠ ھەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، تەنھا چارەسەر لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن و وەرگرتنی ڤاکسینە.
ھاوکات جەواد موسەوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، تا ئێستا ھیچ کاریگەری خراپی ڤاکسینیان لەسەر بەکارھێنەران تۆمار نەکردووە، کە تا ئێستا نزیکەی ٢٨٧ ھەزار کەس لە عێراق ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەھۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
چەند سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیا عێراقییەکانیان ڕایگەیاند، بەشێک لە ھێزە سیاسیەکان دژی لابردنی پارێزبەندی سەر ئەو پەرلەمانتارانەن، کە تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە و لە دادگا داواکاراون، بەوھۆیەوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران شکستیھێناوە.
ھەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی گەندەڵی، دادگای عێراق داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار ھەڵبگرێت و ڕێگەی جێھێشتنی عێراقیان لێبگرێت.
لەسەر داوای موقتەدا سەدر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە نوسراوێک داوای کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عیراق دەکەن.
عەلی سەعدون لامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەی حەوتنی ماددەی ٦١ی دەستور و ماددەی ٥٠ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکیان بە ژمارەیەکی زۆر ئیمزای پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردووە بۆئەوەی بڕیارێک دەربکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عیراق دەکەن.
وتیشی، لە نوسراوەکەدا داوایان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە وەڵامی دواکارییەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە بدەنەوە کە داوای کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکای لە عیراق کردووە، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە جەنگی غەززە.