ڕەعد مەشھەدانی وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، ڕایگەیاند، حکومەتی میسڕ دەستپێشخەرییەکی کردووە لە بارەی دروستکردنی یەکەمین مانگی دەستکردنی تایبەت بە عێراق. وتیشی، بەغداد لەگەڵ کۆمپانیای ئەیر بەسی فەڕەنسی ڕێککەوتووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، مانگە دەستکردەکە بۆ عێراق زۆر گرنگە، بەو پێیەی ژمارەی کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٠ کەناڵ و لە چەندین بواری تری تەکنەلۆژیاش سوودی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بە نیازە سوود لە ئەزموونی میسڕ لە بواری مانگی دەستکرد ببینێت و جگە لە حکومەتی قاھیرەش، کۆمپانیای عەرەب ساتیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە ھاوکاری عێراق بکات لە دروستکردنی مانگە دەستکردەکە.