ئەسیر داود، وەزیری بارزگانی عێراق لە رایگەیندراوێکدا رایگەیاند، ھەر کەسێک دەتوانێت مانگانە ١٢٠ سەمون یاخود ٩٠ نان یان کولێرە وەربگرێت، واتە رۆژانە ھەر کەسێک دەتوانێت ٤ سەمون وەربگرێت، بە جێبەجێکردنی ئەو بریارەش پارەیەکی زۆر بۆ ھاوڵاتیان دەگەڕێتەوە.
راشیگەیاند، ئەم بریارەی وەزرەتی بازرگانی عێراق لە دوای ئەو لێکۆڵینانەوەدێت کە لەو بارەیەوە کردویانەو بۆیان دەرکەوتوە کە مانگانە ھاوڵاتیان زۆرینەیان بە نرخێکی زۆر کەم بەشە ئاردەکانیان دەفرۆشنەوە بە بریکاری ئاردەکان.
شەوی رابردوو دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە گفتوگۆ لەسەر پرۆژیاسای بودجە بەڕێوەچوو و تێبینی و سەرنجی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕگە و مادەکانی پرۆژەیاساکە وەرگیرا.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەکەی بە کراوەیی بۆ ئەمڕۆ ھێشتەوە کە بڕیارە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ دەستپێبکات و تا سەعات شەش بەردەوام بێت.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،دادوەری دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ، فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ موشریق عەباسی راوێژکاری سیاسی مستەفا کازمی دەرکردووە، لەبەرئەوەی بەبێ ھۆکارێکی رەوا ئامادەنەبووە سەروەت و سامانەکەی ئاشکرا بکات .
ھاوکات دادگا بڕیاریداوە شوێنی تۆمەتبار بپشکنرێت بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دەرچوو لە دژی.
لەسەر ھەمان بابەت، باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاندوە، موشریق عەباسی لە زۆر دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوەو کەوتنی یەک لەدوا یەکی راوێژکارەکانی کازمی بەڵگەیە لەسەر تێوەگلانی خودی کازمی لە دزی سەدە.
سودانی لە راگەیەنراوێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لەم ڕۆژانەدا بەبێ دەنگی و ڕێزگرتن و غەمگینیەوە، یادی پرۆسەکانی ئەنفال لەدژی گەلی کوردی خۆشەویست دەکەینەوە، کەرژێمی دیکتاتۆری بەعسی ئەنجامی دا، کەدڕندەترین ستەمکاری و دوژمنکاری تۆمارکرد، ھیچ ڕژێمێک تاوانی بەم شێوە لە رق وکینە و رەگەزپەستی دژی ھاووڵاتیانی خۆی ئەنجامی نەداوە.
دەشڵێت، گەل ئەمڕۆ لەرەوشێکی بەھێزدایە وبەڕیزێکی تۆکمە و توانا و ھاوبەندیەکی پتەوتر لەنێوان پێکھاتە جۆراجۆرەکانیەوە لەسەر پێی خۆی راوەستاوە.
سودانی باسی لەوەشکردووە، ئەمڕۆ ئەم یادە بەئازارە دەکەینە دەستپێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی کارکردن و بیناکردن و بەخشین، لەپێناو عێراقێک کە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵ تێیدا دووبارە نەبنەوە.
تەیف سامی وەزیری دارایی دارایی عێراق، کە بەسەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی لە ئەمریکایە، لە واشنتۆن لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر رێکارەکانی حکومەتی عێراق کرد بە ئامانجی چاکسازی لە بواری دارایی بۆ بەھێزکردنی کەرتی ئابووری، ئەوەش لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەردەوام بە کۆی پرۆژەکان و ئاو، کەشوھەوا، ژینگە ، گواستنەوە و پاراستنی کۆمەڵایەتی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق کرا و وەزیری دارایی رایگەیاند، سەرقاڵی پەسەندکردنی بودجەیەکن کە یەکەم جارە سندوقی گەشەپێدان و چارەسەرکردنی کێشەی ھەژاریی لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەیەکی لە ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەسەڵاتدار بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) ی راگەیاند، سودانی لەبەر ھەستکردن بە لاوازی ئەدای ژمارەیەک لە وەزیرەکان کە وەک پێویست کاروبارەکانیان راناپەڕێنن بریاریداوە پێنج بۆ شەش وەزیری کابینەکەی بگۆڕێت.
محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، گۆڕانکاری وەزاری چاوەڕوانکراو لەڕێگەی ھەڵسەنگاندنی وەزیرەکانەوە دەبێت.
دەشڵێت، ھێزە سیاسییەکان بەتایبەتی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گلۆپی سەوزیان بۆ سودانی ھەڵکردووە بۆ گۆڕینی وەزیرە کەمتەرخەمەکان و بریکار و پارێزگارەکان.
پێشتر نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی کردبووەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھیچ بریارێکیان سەبارەت بە بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەداوە و ھەنگاوی جددی نەناوە تا ئەو کاتەی چاکسازی وەزاری نەکرێت.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەگەر کەسێکی چاکساز بێت بۆ عێراق، بەڵام نەتوانێت رەوتی سەدر چاک بکات، ئەوا تاوانە، دەشڵێت، بەردەوامبوون لە سەرکردایەتیکردنی رەوتی سەدر تاوانە، لەکاتێکدا ئەھلی قەزیە و ھەندێک گەندەڵکار و خراپەکاری تێدایە.
سەدر بڕیاریدا جگە لە نوێژی ھەینی و دوو دامەزراوەی سەر بە رەوتەکەی، سەرجەم چالاکییەکانی رەوتی سەدر بۆ ماوەی یەک ساڵ رابگرێت، تا ئەوکاتەی بێبەریبوونی خۆی لەو کەسانە لە بەرامبەر خودا و باوکیدا دەسەلمێنێت.
ھەر لە چوارچێوەی بڕیارەکەشیدا، مەزارگەی باوکیی تاکو دوای جەژنی رەمەزان داخست، ھەروەھا ھەژمارەکەی خۆی لە تویتەر داخست.
لەلایەکی ترەوە محەمەد ساڵح عێراقی - وەزیری سەدر لە تویتەر رایگەیاند، بە بڕیاری موقتەدا سەدر و بەھۆی ھەڵسوکەوتی گەندەڵکارانەوە کە ناویان لەخۆیانناوە ئەھلی قەزیە، خەڵوەت لە مزگەوتی کوفە ھەڵوەشێندراوەتەوە.
بڕیارەکەی سەدر دوای بانگەوازەکەی گرووپی ئەھلی قەزیە ھات بۆ پێدانی بەیعەت بە سەدر لە ١٠ شەوی کۆتایی رەمەزان وەک ئیمامی دوانزەیەمی شیعە.
د. لەتیف رەشید لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی تاوانی ئەنفال، داوا دەکات لەم رۆژە خەمناکە و پڕ مەرگەساتەی گەلی کورددا بنەماکانی دیموکراسی و بەدیھێنانی خواستی گەل بۆ ژیانێکی شایستە و رێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە پەیڕەو بکرێت.
دەشڵێت، تاوانی ئەنفال کە رژێمی دیکتاتۆری بەرامبەر بە گەلی کورد کردی، ھەڵمەتی جینۆساید و زیندەبەچاڵکردن بوو کە لە سایەی ستەمکاری و دەسەڵاتی خۆسەپێن دژی ھاوڵاتیانی عێراق جێبەجێکرا.
لەکۆبوونەوەکەشدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی ھاوکاری تەواوی عێراق بێت تاوەکو بەھای دۆلار بەرامبەر دینار جێگیر بکرێت.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقیش دەڵێت، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رێککەوتووە بۆ ئەوەی ئاسانکاری تەواوبکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی بەغدا و واشنتن تایبەت بە سیاسەتی دارایی ئیمزایان کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق لە واشنتۆن بەشدارییان لە دیداری ساڵانەی سندوقی دراو و بانکی نێودەوڵەتی کرد، لەپەراوێزی دیدارەکەشدا بەرپرسانی ھەردوو دامەزراوەکە لەگەڵ شاندی عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، پشتیوان و ھاوکاری ئەو چاکسازیانە دەبن کە بەغدا بۆ جێگیرکردنی نرخی دراو دەیگرێتەبەر.
یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژوری ھاوبەشی بازرگانی عێراق-ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا بەغداد و تاران لە رێگەی دراوی یۆرۆ و دۆلار پەیوەندییە بازرگانییەکانیان ئەنجامدەدەن، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئەمریکا قەدەغەی کردووە دۆلار بگاتە دەست ئێران، بۆیە لەمکاتەدا شایستە داراییەکان لەرێگەی رێکاری مامناوەندەوە وەردەگرن.
باسی لەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران بوارەکانی خۆراک، پێداویستییەکانی بیناسازی، کارەبا و غاز لەخۆدەگرێت.
ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار بوو، بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، خواستی ئەوەیان ھەیە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و نوێنەری پرۆگرامی گەشەپێدانی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزا کردوە لە بواری رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و بەھێزکردنی بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری و دەستپاکی لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەت.
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی گرنگی ھەیە لە ھاوکاریکردنی عێراق لە رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵیدا و حکومەتی عێراقیش ئەو بابەتەی کردووەتە کاری لە پێشینەی و ھیچ کەس و لایەنێکیشی لێ بەدەر ناکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە کە بابەتێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ عێراق و ھەر رۆژێکیش دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە کاریگەری خراپ و زیانی زۆری بۆ کۆی خەرجییە گرنگەکانی ئابووری و دەرفەتی گەشەسەندنی عێراق دەبێت.
وتیشی، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئابووری عێراق ئەوەیە کە چەند ساڵێکە یاسای بودجەی نییە و بە پێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی کار دەکرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر ٨٥٪ی چالاکییە ئابوورییەکان دەبێت.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە دامەزراندنی گروپەکە کرد وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
سەرۆککۆمار باسی لە پێویستی پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و کەمکردنەوەی رۆتین کرد، ھاوکات ئاسانکاری بکرێت بۆ ڕێکارەکانی بانکی پەیوەست بە وەبەرھێنان و جوڵەی سەرمایە، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پشتیوانی و ھاندانی کەرتی تایبەت لە پێناو باشترکردنی ئاستی ژیانی ھاووڵاتی و پشتگیریکردنی کارگە و بازرگانان و خاوەنکارەکان.
لای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە باسیان لە کارەکانی گروپەکەیان کرد، لە پارێزگا جیاجیاکان و دووپاتیان کردەوە کە پشت بەبنەمای ئیسلامی دەبەستن لە کارەکانیاندا و ئاماژەیان بەوەکرد، کە بانکە ئیسلامییەکان تا ساڵی ٢٠١٥ گرفتی نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە خۆیانەوە ھەبوو.
جەختیشیان لەوە کردەوە، کە کاردەکەن بۆ ھاندانی ھاووڵاتیان بۆ دانانی پارە و مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان، ھەروەھا بوونی یاسایەک بۆ وەبەرھێنەر جێگەی بایەخە، وەک ئاماژەیان بەوەدا کە بانکە تایبەتەکان کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری نرخی دینار لە بازاڕدا، ھیوایان خواست کە یاسای کۆکردنەوەی قەرزی حکومەت ھەمواربکرێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای رەسمی حکومەتی عێراق راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەرێمی کوردستان تەنھا دەتوانێت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەکەی بفرۆشێت، لەبەرامبەریشدا بانکی ناوەندی ھەژمارێکی بانکی بۆ داھاتی نەوتی کوردستان دەکاتەوە و پابەنددەبێت بە دابینکردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و ھاووڵاتیانی ھەرێم.
راشیگەیاند، ئەو ھەژمارە بانکییە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری داراییدا دەبێت و حکومەتی ھەرێم دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکەی ھەیە، بەجۆرێک ئەگەر داھاتی ھەژمارە بانکییەکە لەو رێژەیەک زیاتربوو کە لە بودجەدا بۆ ھەرێم دیاریکراوە، پارەی زیادەکە دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت، ئەگەر کەمتریش بوو بەغدا پابەندە بەوەی پارەی زیاتر بۆ ھەرێم بنێرێت.
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، پێشتر ھەرێمی کوردستان کرێی گواستنەوەی نەوتەکەی سێ بەرامبەری نەوتی عێراق بووە، بەڵام دوای رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا بەھەمان نرخ نەوت دەگوازرێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی داھات دەبێت.
شەوی رابردوو ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی رەوتی رزگاری و گەشەپێدان و موسەننا سەمەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم کۆبوونەوە و رایانگەیاند، داوادەکەن ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی داھاتوویدا کاربکات بۆ پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتی و ئەو یاسایانەی کە ھاوسەنگی نوێنەرایەتی پێکھاتەکان دەپارێزن.
پێشتریش خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەری کە گەورەترین ھاوپەیمانی سوننەکانە لە عێراق داوایکردبوو لایەنەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کاربکەن بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا یاسای لێبوردنی گشتی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندبکرێت.
یاسای لێبوردنی گشتی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سوننەکان بوو بۆ بەشداریکردن لە حکومەتەکەی سودانی، چونکە وەک خۆیان باسی دەکەن، بە دەیان ھەزار گەنج و ھاولۆاتی پارێزگا سوننییەکان بە تۆمەتی ھاوکاری داعش و بە ماددەی چواری تیرۆر دەستگیرکراون، چەندین ساڵیشە لە زیندانن و تۆمەتەکانیان لەسەر ساغ نەکراوەتەوە.