وەزارەتی نەوتی عیراق رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای بریتیش پەترۆلیۆمی بەریتانی ئیمزا كرد
لاوان
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتی نەوتی عیراق رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای "بریتیش پەترۆلیۆم"ـی بەڕیتانی ئیمزاكرد، بۆ نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوت لە كەركوك.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، رێككەوتنەكە بە سەرپەرشتی سودانی، لەنێوان نوێنەرانی كۆمپانیای نەوتی باكور و كۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم لە بەغداد ئیمزاكراوە، بەگوێرەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەش، ئەو چوار كێڵگە نەوتییەی لە كەركوك نۆژەندەكرێنەوە و پەرەیان پێدەدرێت، بریتین لە كێڵگە نەوتییەكانی بای حەسەن و بابە گوڕ گوڕ و جەمبور و خەبازە.
هەر بە گوێرەی رێككەوتنەكە، ئەو كۆمپانیا بەڕیتانیە، جگە لە نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان، وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵ دەكات و دامەزراوە غازییەكانی كۆمپانیای غازی باكووریش فراوانتر دەكات، هەروەها وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە توانای بەرهەمهێنانی 400 مێگاوات لە سنووری پرۆژەكە دروست دەكات.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، رێككەوتنەكە ژمارەیەكی زۆر هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنێت و چەندین كۆمپانیای لەكاركەوتووش دەخاتەوەكار، هاوكات رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی كەرتی وزە لە عیراقدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ستایشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كردووە، بۆ گەیشتنە ئاستی سەربەخۆ لە كەرتی وزەدا.