وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان سەقفی داواکارییەکانیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن، بەپێچەوانەوە خۆیان توشی کێشە دەکەن. دەشڵێت، وڵاتان تاهەتایە هاوکاریمان ناکەن، ئەوان نوێنەری وڵاتی خۆیانن، نوێنەری کورد؛ کورد خۆیەتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوچەکە لەبەرچاگرتنی ئەو پشتگیرییەی هەمانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و و هەستیاری ئەو دۆخە، پێویستە هەموو لایەکمان سەقفی داواکرییەکانمان بگونجێنین لەگەڵ دۆخەکە بەرەو رێککەوتن".

وتیشی، "ئەوە تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی سود وەرگرین لەو دۆخە نێودەوڵەتیسازە کە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە، پێویستە كورد یەكڕیز بێت، وڵاتان تاهەتایە هاوکاریمان ناکەن، ئەوان نوێنەری وڵاتی خۆیانن و لە کورد کوردتر نین، نوێنەری کورد؛ کورد خۆیەتی".

ئەوەشی خستە روو، "بەپێچەوانەی ئەوانەوە بەدەستی خۆمان، خۆمان توشی کێشە دەکەین".

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنیان کردووە و خەڵک چاوەڕێیە، کێشەکانیان ئەوەند گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن.