ترەمپ: دوای دەستبەكاربوونم بە خێرایی و هێزێكی بێ وێنەوە كارەكانم دەست پێدەكەم
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، لەو بارەیەوە تڕەمپ رایگەیاند، دوای دەستبەكاربوونی بە خێرایی و هێزێكی بێوێنەوە كارەكانی دەست پێ دەكات.
ترەمپ لە میانی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی سەركەوتن كە بە بەشداری هەزاران لە لایەنگرانی لە واشنتن بەڕێوەچوو، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، دوای دەستبەكاربوونی بە خێرایی و هێزێكی بێوێنەوە كارەكانی دەست پێ دەكات بۆ چارەسەركردنی هەر قەیرانێك كە رووبەڕووی ئەمریكا دەبێتەوە.
بەڵێنیشی دا بە كۆتاییهێنان بە دۆسیەی كۆچبەرە نایاساییەكان و جارێكی تریش دوپاتیكردووەتەوە كە لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیدا 100 مەرسومی سەرۆكایەتی دەردەكات.
سەبارەت بە تیكتۆكیش ترەمپ رایگەیاند، دەبێت تیك تۆك رزگار بكەن و هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەستدا نییە جگە لە رزگاركردنی.
كەناڵی سی ئێن ئێنیش ئاشكرای كردووە، ترەمپ یاریدەدەرەكانی راسپاردووە بۆئەوەی دوای چەند رۆژێكی كەم لە دەستبەكاربوونی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا بۆ رێكبخەن.