دوای نزیكەی مانگێك لە راگرتنی گەشتەكانی، رۆژی سێشەممە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق گەشتە ئاسمانییەكانی دەستپێدەكاتەوە، سەرۆكی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئامادەكارییان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتەكان لە سەرتاسەری جیهانەوە كردووە.

ئەشهەد سەلیبی، سەرۆكی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی سوریا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سێشەممەی داهاتوو كە دەكاتە رۆژی ٧ـی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق دەستپێدەكاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەكانیان، لە قۆناغی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەكانی دیمەشق و حەلەبدان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتە ئاسمانییەكان لە سەرتاسەری جیهانەوە.

هاوكات، لە یەكەم كاردانەوەی هێڵە ئاسمانییەكانی وڵاتان بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، هێڵی ئاسمانی قەتەر رایگەیاند، لەدوای رۆژی ٧ـی ئەم مانگەوە هەفتانە سێ گەشتیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق دەبێت.

جێی ئاماژەیە، رۆژی ٨ـی كانوونی یەكەمی رابردوو لەگەڵ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، سەرجەم كارمەندانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق فڕۆكەخانەكەیان چۆڵكرد و بەوهۆیەشەوە فڕۆكەخانەكە داخرا.