وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق: هاوردەكردنی ئاژەڵی گەورە بەردەوامی دەبێت
لاوان
٧ی ئازاری ٢٠٢٤
١٥٩
سائر سەبری حسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کاروانێکی ئاژەڵی گەورە گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسری عێراق و لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەشی ڤێتێنەریەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان کراوە، بە گوێرەی پشکنینەکانیش ئاژەڵەکان ھیچ کێشەیەکیان نییە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاژەڵەکان لەژێرچاودێری تەندروستی ڤێرتەنەریدا لە کوشتارگە فەرمییەکان سەردەبڕێن و دواتر دەخرێنە بازاڕەکانەوە، ئەوەش رۆڵی بەرچاوی دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی وڵاتدا.
ئەو بەڕێوەبەرە جەختی لەوەشکردەوە، سەرەڕای ئەوەی گەیشتنی ئەو کاروانە ئاژەڵە بەسە بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە مانگی رەمەزاندا، چەندین کاروانی دیکەی ئاژەڵ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەنە عێراق.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو کەشتییەک، کە لە بەرازیلەوە بەڕێکەوتبوو بە ١٩ ھەزار سەر ئاژەڵەوە گەیشتە عێراق.