سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، نزیکەی ساڵێکە کێشە و ناکۆکی لە نێوان ھەردوو ھۆزی ئال رومێز و ئال عومەر لە قەزای ئیسڵاح سەر بەپارێزگای زیقار دروستبووە و سەرەڕای دەستوەردانی ھێزە ئەمنییەکان و رەوانەکردنی وەفدی تایبەتی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و ئاشتەوایی، بەڵام تائێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە و شەوی رابردووش شەڕ لەنێوان ئەو دوو ھۆزەدا دروستبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەشەڕەکەدا چەکی قورسیشی تێدا بەکارھاتووە و لە ئەنجامدا عەمید عەزیز شەلال بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار کوژراوە کە بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە گەیشتووەتە ناوچەکە، شەش ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان و حەوت کەسی تریش لە ھەردوو ھۆزەکە برینداربوون چەند ماڵێکیش سوتێنراون.

وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاندووە، ئەوانەی دەستیان لەشەڕەکەدا ھەبووە و تەقەیان کردووە لەدەستی یاسا و سزادان رزگاریان نابێت و سەرجەمیان دەستگیر دەکرێن.