بەھۆی نەبوونی رێژەی یاساییەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کاتێکی نادیار دواخرا کە بڕیاربوو سەرۆک و جێگر ھەڵبژێرێت.

لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکوک ھەشت ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بوون، ئەندامانی یەکێتی و پارتی و مەسیحییەکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد و عەرەب و تورکمان بەشدارییان نەکرد.

ڕێبوار تەھا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، ئیمزای ئامادەبوونیان بۆ کۆبوونەوەکە کردبوو، بەڵام ئەندامانی عەرەب و تورکمان ئامادەنەبوون، ھەوڵ دەدەن لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ڕازییان بکەن تا ئامادەی دانیشتنەکە بن.

ھاوکات رەعد ساڵح، ئەندامی کوتلەی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی وت: بڕیاریانداوە تا رێککەوتن لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک نەکرێت، بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن.

دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کاتێکدایە کە ھاوکات ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا و نەجەف و واست و بەسرە  لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاریان ھەڵبژارد.

ھەروەھا ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش ھەرچەندە محەمەد نوری کەربولی بە پارێزگار ھەڵبژارد، بەڵام دواتر ھەڵوەشێنرایەوەو ھەڵبژاردنی پارێزگاری بۆ کاتێکی تر دواخست، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی ھەڵبژارد.