عیراق دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی رادەسپێرێت
هەژار
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٠
حكومەتی عیراق دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی سیستمی بانكیی رادەسپێرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، چاكسازیی و رێكخستنەوەی سیستمی بانكیی یەكێكە لەو بابەتانەی كە حكومەتی عیراق زۆر بە جددی هەوڵی بۆ دەدات و هەنگاوی گەورەشی ناوە.
وتیشی پڕۆسەكە سەرەتا بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بانكە حكومییەكانەوە دەستیپێكردووە و دواتر بانكە ئەهلییەكانیش دەگرێتەوە و كار بۆ ئەوە دەكرێت سیستمی بانكیی لە عیراق هاوشێوەی سیستم و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەشكرد، لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی كە پسپۆڕی بواری سیستمە بانكییەكانن راسپاردووە، پێداچوونەوە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی لە عیراق بكەن.