مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، یاسای نەوت و غاز و یاساکانی تر بابەتی گفتوگۆی پەرلەمانتارانن و خواستێکی زۆر  لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لە قۆناغی داھاتوودا، بەڵام یاسای لێبوردنی گشتی بابەتێکی سیاسییەو پێویست دەکات بەوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت بەر لەوەی دەستبکرێت بە رێکارەکانی پەسەندکردنی.

وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند یاسایەکی تری گرنگ دەکات لەوانە یاسای خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و یاسای تایبەت بە رێککەوتنە دەرەکییەکان، جگەلەوەش چەندین پرۆژە یاسای تر کەلە وەرزی یەکەم و دووەمی یاسادانان رەوانەی حکومەت کراونەتەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی تری ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێنەوە، بەڵام لە ئێستادا گرنگرین پرۆژە یاساکان کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت یاسای نەوت و غاز و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە.