جی حەوت: پابەند دەبین بە فەرمانی دادگای لاهای بۆ دەستگیركردنی ناتانیاهۆ
یەحیا
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٤
حەوت وڵاتە زلهێزە پیشەسازییەكەی جیهان رایدەگەیەنن، پابەند دەبن بە فەرمانی دادگای لاهای بۆ دەستگیركردنی بنیامین ناتانیاهۆ وەك تاوانباری جەنگ.
گروپی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی جیهان كە لە ئەمریكا، كەنەدا، ژاپۆن و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا پێكدێن، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەركی خۆیان سەبارەت بە فەرمانی دادگای لاهای بۆ دەستگیركردنی ناتانیاهۆ جێبەجێ دەكەن كە رۆژی ٢١ـی ئەم مانگە دەرچووە.
ئەنتۆنی تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا كە ئەمساڵ وڵاتەكەی سەرۆكایەتی گروپی حەوت بوو، وتی هەموو وڵاتانی گروپی حەوت ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان نین، بەڵام هەوڵیانداوە هەڵوێستێكی هاوبەشیان هەبێت لەو دۆسیەیەدا.
دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستپێكردنی شەڕ لە كەرتی غەززە، دادگای نێودەوڵەتی تاوان فەرمانی دەستگیركردنی لە دژی ناتانیاهۆ و گالانت دەركرد بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە غەززە.