رەوتی سەدر بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق رەتدەکاتەوە
لاڤە
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
٧٥٧
ئەحمەد روبەیعی، ئەندامی رەوتی سەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەشداریکردنی رەوتەکەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان رەتکردەوە و وتی، دوورەپەرێزییان لە بواری سیاسی بەردەوامە.
"روبەیعی" ئاماژەی بەوەشدا، ھیچ ئاماژە و رێنماییەک لەلایەن "موقتەدا سەدر" رێبەری رەوتی سەدرەوە نییە، بۆ بەشداریکردن لەو ھەڵبژاردنە.
وتیشی، ئەو دەنگۆیانەی باسدەکرێن سەبارەت بە گەڕانەوەی "موقتەدا سەدر" بۆ پڕۆسەی سیاسی تەنھا پڕوپاگەندە و لێدوانی رۆژنامەوانین.
لێدوانەکەی "ئەحمەد روبەیعی" دوای ئەوە دێت کە چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی باسیان لەوەکردووە، رەوتی سەدر بە سێ لیستی ھەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی سیاسی.