سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ  و وەرزی دروێنەوەی گەنم بوژانەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە، ھۆکارەکەشی بۆ شەپۆلەکانی بارانبارین دەگەڕێتەوە، کە ئەمساڵ رێژەکەی زۆر بووە. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ وتیشی، سەرباری بارانبارین، بەڵام ھێشتا وشکەساڵی مەترسییە لەسەر عێراق، چونکە بۆ ساڵانی داھاتوو رەنگە عێراق دووچاری کێشەی گەورە ببێتەوە، ئەگەر بێتو رێککەوتن سەبارەت بە پرسی ئاو نەکرێت، بە تایبەت لەگەڵ تورکیا، چونکە ھەوڵەکانی حکومەت لەوبارەیەوە لە ئاستی پێویستدا نییە.