سەرۆك كۆمار: ژنان بەشێكی سەرەكی گەشەسەندنی كۆمەڵگەن
کوردسات نیوز
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٠
سەرۆك كۆمار رایگەیاند، لە عیراق جیاوازی لە نێوان ژنان و پیاواندا ناكرێت و ژنان بەشێكی سەرەكی گەشەسەندنی كۆمەڵگەن.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدێكی دەستپێشخەری یۆرۆ- دەریای ناوەڕاست و تیمی روانگەی ناوچەیی بۆ كاروباری توندوتیژی دژی ژنان و كچان كرد كە چەند شارەزایەكی ئەفریقی و ئاسیایی و ئەوروپیان لەگەڵدا بوو.
لە میانی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاكاری و دوورخستنەوە و توندوتیژییەكی دژی ژنان كردەوە و رایگەیاند، ژنان بەشێكی سەرەكین لە گەشەسەندنەكان و عیراقیش دوورە لە جیاكاری نێوان ژنان و پیاوان.
وەفدەكەش هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار و بیرۆكەكانی بە ئامانجی پاراستنی ژنان و چەسپاندنی مافەكانیان بەرزنرخاند.