بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە سکاڵایەک کۆببێتەوە کە داوادەکرێت بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ ھەرێمی کوردستان پوچەڵ بکرێتەوە.

ھاوکات سبەینێش، دادگای فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە ئەو سکاڵایە  لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە، یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە.

ھەر لە دانیشتنی سبەینێدا، دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت، کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.