سەعد عەواد توبی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لیژنەکەیان چەند برگەیەکی پڕۆژەی بودجەی ھەموارکردووەتەوە، لەوانەش پێشنیازیانکردووە مۆڵەتی پێنج ساڵ بە مووچەی بنەڕەتییەوە بدرێت بە فەرمانبەران و دەشتوانن لەو ماوەیەدا لە کەرتی تایبەت کاربکەن، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیەدا فەرمانبەر بخوێنێت بڕوانامەکەی بۆ ھەژمارناکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو قەرزەی بانکی کشتوکاڵی دەیدات بە جوتیاران بە مەرجێک بڕەکەی لە ٢٠٠ ملیۆن دینار کەمتر بێت، پێشنیازیان کردووە دانەوەی ئەو پارەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ دوابخرێت.

یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانی لیژنەی دارایی بۆ کەمکردنەوەی کورتھێنانە ٦٣ ترلیۆن دینارییەکەی بودجە، دووبارە دانانەوەی باجە لەسەر کارتی مۆبایل، ھەرچەندە ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا ئەو باجەی ھەڵوەشاندووەتەوە، بەلڕم جێگیرکردنەوەی ئەو باجە پەیوەست دەبێت بە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران.