بزوتنەوەی ئیمتیداد دەڵێت ئەگەر ئەو داوایەیان جێبەجێنەکرێت، ئەوا داوایەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ پرسیارکردن سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە.

بزووتنەوەی ئیمتیداد بڵاویکردەوە، داوایەکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ٧ی مانگی داھاتوو کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە پێکھێنانی لیژنەکان و پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران کۆبونەوەکە ساز نەکات، داوایەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەکەن، بۆ پرسارکردن سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران.

نزیکەی ٦ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵنەبژێردراون.

بڕیار بوو ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت بەڵام بۆ جاری سێھەم بەھۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

ھەروەھا ڕۆژێک دوای شکستەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆبوونەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکانی عێراق کرد و داوای کرد دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە جگە لە ڕەوتی سەدر بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەت.