عێراق ھەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ھاووڵاتیانە دەدات کە لە ئۆکراین بێسەروشوێنن
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢
٤١٧
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە ، باڵیۆزخانەی عێراق لە کیێڤ پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەو عێراقییانەی لە ئۆکراین بێسەرو شوێنن و زانیارییان لەبارەیانەوە نییە.
ھەروەھا پەیوەندییان بە زانکۆکانی ئۆکراینەوە کردووە و داوایان کردووە پەلە نەکەن لە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی کرێی خوێندکاران، چونکە بەھۆی ئەو ڕەوشەی وڵاتەکە پێیدا تێدەپەرێت خوێندکارە عێراقییەکان توانایان نییە لەم کاتەدا کرێی خوێندن بگەیەننە زانکۆکانی ئۆکراین.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتیشکردووەتەوە کە ھەوڵەکانیان بۆ ھاوکاریکردن و کارئاسانیکردن بۆ عێراقییەکانی نیشتەجێی ئۆکراین بەردەوامە.