تیمەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە ، لە سەعات ٧ی بەیانی رۆژی پێنج شەممەوە دەستیان بە مانگرتنەکەیان کردوە و  گەشتەکانیان راگرتوە و ھیچ گەشتێکی ئاسمانی جێبەجێ ناکەن تەنھا گەشتی ھندستان نەبێت  .


تیمەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراق چەند داواکارییەکیان خستوەتەروو بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان کە دیارترینیان جیاکردنەوەی کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراقە لە وەزارەتی گواستنەوە تا بکرێتە دەستەیەکی سەربەخۆی پەیوەندیدار بە سەرۆکایەتی وەزیران و دەسەڵاتی تەواوەتی بدرێتە بەرێوەبەرەکەی و کاربکرێت بۆ گەراندنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکە کە بڕەکەی ٦٣ ملیۆن دۆلارە، داواش دەکەن شایستە داراییەکانی تیمەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراق و دەرماڵەی تیمەکان لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢١ خەرج بکرێت.


تیمەکانی فرۆکەوانی ھێڵی ئاسمانی عێراق دوپاتیشیان کردوەتەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت دەست بە کار ناکەنەوە و بەردەوامیی بە مانگرتن دەدەن، بەھۆی مانگرتنەکەوە ئەمرۆ شڵەژاوییەکی زۆر لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد دروست بوە .