ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاوتوێكردنی كێشەكانی موچە و ئەنجامی سەرژمێری لە كۆبونەوەدایە.

بەپێی راگەیەندراوێك ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەدایەو تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن.

ئەوەشهاتووە، لە بڕگەی یەكەمدا راپۆرتێك لەلایەن وەزیری پلاندانان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی قۆناغی فۆرمی خێزانی لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و سەركەوتوویی پرۆسەكە لە عیراق و هەرێم كە لە رۆژانی ٢٠-٢١ی ١١ی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پێشكەش دەكرێت و قۆناغ و هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەكە تاووتوێ دەكرێن.

بڕگەی دووەمی كۆبونەوەكەش خستنەڕووی پرۆژە بڕیارێكی پێشنیازكراوە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەك لە نێو كۆبوونەوەكەوە رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم ئامادەیەو باس لە كێشەكانی بەردەم دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١و ١٢ ی ئەمساڵ دەكرێت.