بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو پارەی کارمەندانی سەرژمێری دابەشدەکرێت.

شوان جەبار بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانی بەکوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ٢٠ی ئەم مانگە، لە رێگەی لیژنەی دابەشکردنی موچە لە تەواوی قەزاکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، دەستدەکرێت بە پێدانی موچە و میوانداری بەشداربووانی خولەکان.

باسی لەوەشکرد، موچەی مانگێک بریتییە لە ٢٥٠ هەزار دینار، کە دوو هەزار دینار وەک رسوماتی لێبڕین دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد و ٨٠ هەزار دینار شایستەی بەشداریکردنی هەشت رۆژی خولی راهێنان وەردەگرێت.

ئەوەشی خستە روو، بە مەبەستی وەرگرتنی شایستە داراییەکان، دەبێت کەسی وەرگر خۆی ئامادە بێت و ئەستۆپاکی پێدانەوەی تابلێت و کۆپی پێناسی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی پێبێت.