لەعیراق پێنج ملیار دینار گەرێندرایەوە کە لەلایەن کۆمپانیایەک بە ساختەکاری لەمامەڵەی داراییدا لە رێگەی نرخی دۆلارەوە برابوو، دادوەری عیراقیش دەڵێت: هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە سامانی دەوڵەت.

ئەنجومەنی دادوەری عیراق گەڕاندنەوەی پێنج ملیار دیناری راگەیاند، لە كۆمپانیایەك كە ساختەكاری لە مامەڵەی داراییدا كردووە لە رێگەی نرخی دۆلارەوە.

ئەنجومەنی دادوەری عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دادگای لێكۆڵینەوەی دووی كەرخ توانیویەتی پێنج ملیار دیناری عیراق بگەڕێنێتەوە كە بەهۆی ساختەكاری لە مامەڵەی داراییدا بە نایاسایی برابوو.

دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیە لە كۆمپانیایەك وەگیراوەتەوە كە سەرپێچی كردووە لە جیاوازی نرخی دۆلار و بە هەوڵێكی زۆر و سەرپەرشتی دادوەری پسپۆڕیش ئەو كارە كراوە و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بە مەبەستی رێگریكردن لەو جۆرە تاوانانە و پارێزگاریكردن لە سامانی دەوڵەت.