رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەمریکا چەندین سزای نوێی بەسەر نەوتی روسیا سەپاند، بەمەش نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی 4 مانگی رابردوودا، روسیاش دەڵێت: ئامادەیین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو سزایانە.

ئەمڕۆ کۆشکی کرملن ئاشکرایکرد، سزا نوێیەکانی ئەمریکا  کە بواری نەوت دەکەنە ئامانج، مەبەست لێی لاوازکردنی کەرتی وزەی روسیایە، ئاماژەی بەوەشکرد، مۆسکۆ ئامادەیە وەڵامی ئەو سزایانە بداتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کریملین بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، "بە وردی شیکاری دۆخەکە دەکەین، رێوشوێنێکیش دەگرینەبەر کە لێکەوتەی ئەو کارە نایاساییانە کەم بکاتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان و کۆمپانیاکانمان بکات".

سەبارەت بە ئەگەری وەڵامدانەوەی روسیا بۆ سزاکانی ئەمریکا، پێسکۆڤ رایگەیاند: هیچ شتێک رەت ناکرێتەوە، ئەوەی باشترینە بۆ وڵاتەکەمان دەیکەین.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە رۆژی 10ی ئەم مانگە سزای فراوانتری بەسەر نەوتی روسیا  سەپاند و کۆمپانیاکانی گازپرۆم نەفت و سورگوتنەفت جازی کردە ئامانج، هەروەها سزاکان  183 کەشتیی گرتەوە کە نەوتی روسیایان ناردبوو.