بلینکن لە قودس لەگەڵ ناتانیاھۆ کۆبووەوە
کوردسات نیوز
٢٥ی ئایاری ٢٠٢١
ئەمڕۆ لە یەکەمین سەردانیدا بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەیشتە ئیسڕائیل و لە قودس چاویکەوت بە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و گفتوگۆیان لە بارەی گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسڕائیل و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە و پرسی ئێران کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشدا ڕایگەیاند، پشتیوانی لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و چارەسەرکردنی ڕەوشی خراپی مرۆیی دەکەن.
ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، پاڵپشیکردنە لە بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی فەڵەستین و ئیسڕائیل، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە بەری خۆرئاوا، لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین کۆببێتەوە.