خلوسی ئاکار: دەمانەوێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ یۆنان بگەینە چارەسەر
کوردسات نیوز
٢٥ی ئایاری ٢٠٢١
"خلوسی ئاکار" وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، "ئەنقەرە" دەیەوێت لە ڕێی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ "ئەسینا" چارەسەر بکات، بەڵام ھەموو چارەسەرێک بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع ڕەتدەکەنەوە و ڕاستەوخۆ بە حکومەت و لێپرسراوانی یۆنانی وتووە کە زمانی ھەڕەشە ھیچ سودێکی نابێت.
"خلوسی ئاکار" دەستوەردانی ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاشی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ "یۆنان" ڕەتکردەوە و وتی دەستوەردانی ئەو لایەنانە لەسەر داواکاری "یۆنان" لە بەرژوەندی ھیچیان نابێت.
"فاتح دونمیز" وەزیری وزەی تورکیاش وتی، بە نیازن بۆ گەڕان بە دوای غاز لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ٨ بیری تر ھەڵبکەنن، ئەوەش بە یەکەم لێدوانی ڕەسمی تورکیا دادەنرێت سەبارەت بە بەردەوامی سیاسەتەکانیان بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گازدا لە ناوچەکە.