"ڕۆبەرت مالی" نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە تویتەر نوسیویەتی، ئەمڕۆ خولی پێنجەمی دانوستانەکان لە "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە، دەشڵێت، ھەرچەندە خولی چوارەمیان بەرھەمداربووە و پێشکەوتنی بەرچاوی ھەبووە، بەڵام ھێشتا کاری زۆر ماوە بیکەن.


"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێرانیش، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە دانوستانەکان دووپاتکردەوە، تا ئەو کاتەی دەگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. ھاوکات عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، بەردەوامن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و تا ئێستاش ٩٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمیان پیتاندووە و ئامانجیان پیتاندنی ١٢٠ کیلۆگرامە لە ماوەی ئەمساڵدا.


لەلایەکی ترەوە، "ڕافائیێل گروسی" بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ "تاران" بۆ چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، بۆ یەک مانگی تر درێژکردووەتەوە.