لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی سوریا ڕایگەیاند، بانگەشەکانی ھەڵبژاردن لە سەعات ٧ی بەیانی ئەمڕۆوە بۆ ھەر سێ کاندید "بەشار ئەسەد" سەرۆکی ئێستا و "عەبدوڵا سەلوم عەبدوڵا" و "مەحمود مەرعی" کە دوو کەسایەتی ناسراو نین، وەستاوە.


ڕوونیشیکردووەتەوە، ١٢ ھەزار ناوەندی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی سوریا ئامادە کراوە و لە ڕیفی "دیمەشق"یش زۆرترین ناوەند و سندوقی دەنگدان دانراوە.


ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا تەنھا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی "دیمەشق" بەڕێوەدەچێت کە سێیەکی وڵاتەکە پێکدەھێنن، ئەوەش دووەمین ھەڵبژاردنە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەوە ئەنجام دەدرێت.


بە پێی زۆرینەی پێشبینییەکان "بەشار ئەسەد" لەم ھەڵبژاردنەشدا سەرکەوتن بەدەست دەھێنێتەوە و بۆ ٧ ساڵی تر دەبێتەوە سەرۆکی سوریا.