موجتەبی زونور وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر تا ٢٣ی ئەم مانگە دانوستانەکانی "ڤییەنا" سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئەنجامی نەبێت، ئەوا سەرجەم کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە وێستگە ئەتۆمییەکانیان دادەخەن، دەبێت ئەو پارچە ڤیدیۆیانەش لەناوببرێن کە لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا لە وێستگەکانیان تۆمارکراون. 

موجتەبی زونور راشیگەیاند، ھیچ شتێکی نوێ لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" نەھاتووەتە ئاراوە، ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت "تاران" چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاتر دەکات و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ وێستگەکانیان دروست دەکەن. 

لە بەرامبەردا، "ویندی شیرمان" یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتن لە دانوستانەکانی "ڤییەنا" ھەیە بەڵام ھێشتا رێگەیەکی دوور و درێژیان لەبەردەمدایە.