"فێدریکا تۆسکانۆ" سەرۆکی کەمپینی کۆچ لە پڕۆژەی منداڵانی ونبوو لە ئەوروپا ڕایگەیاند، گروپ و ڕێکخراوە تاوانکارەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرفراوان منداڵانی کۆچبەر بە ئامانج دەگرن و بەشێکی زۆری منداڵە تەنیاکان دەبنە قوربانی و بە زۆر کرێکاری و سواڵ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن و ژمارەیەکیشیان مامەڵەی سێکسییان پێوەدەکرێت.


ڕێکخراوی پڕۆژەی کۆچبەر لە ھەرێمی کوردستان کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ھۆشیارییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڕوو لە ئەوروپا بکەن، ئاشکرای کرد،  لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە تاوەکو کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠،  ١٨ ھەزار و ٢٩٢ منداڵی کۆچبەر لە ئەوروپا بێسەروشوێن بوون، واتە ڕۆژانە ١٦ منداڵ لە ئەوروپا بوونەتە قوربانی.