حكومەتی عیراق بۆ شوێنگرتنەوەی غاز ئێران كە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا بەكاریدەهێنێت، بڕی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە لە ئیمارات دەكرێت.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنێك ئیمارات رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا غاز بە بەغداد دەفرۆشێت، بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا لە كەركوك و دبس و مەلا عەبدوڵڵا كە دەتوانن 400 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێگیركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای كەركوك.

ئەحمەد موسا وتیشی، ئەو غازەی كە ئێران بۆ عیراقی دابین دەكرد راگیراوە و بەو غازە شوێنەكەی پڕ دەكرێتەوە كە لە ئیماراتەوە هاوردە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاوكات وەزارەتی كارەبای عیراق كار لەسەر گرێبەستێكی دیكە لەگەڵ توركمانستان بۆ دابینكردنی غاز دەكات، گرێبەستەكەش بریتییە لە دابینكردنی 20 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

بە کڕینی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە لە ئیمارات، بەرهەمهێنانی کارەبا 400 مێگاوات زیاد دەکات و بۆ پارێزگای کەرکوک دابیندەکرێت.