مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا روسییەكەی كۆبووەوە.

پوتن لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشكاندا رایگەیاند، رێككەوتنی هەمەلایەنەی مۆسكۆ و تاران، بازنەی هاوكارییە ئابوورییە دوو قۆڵییەكان فراوانتر دەكات، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان مۆسكۆ و تاران كرد، لەوانەش پڕۆژەی پەرەپێدانی وێستگە ئەتۆمییەكان و كێڵگەكانی وزە و بەهێزكردنی ژێرخانی كەشتیوانی و گواستنەوە.

لە بەرامبەردا پزیشكیان ئاماژەی بە گرنگی رێككەوتنی هەردوولا كرد، هاوكات بوونی هێزی بیانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیدانە كرد و وتی، بوونی ئەو هێزانە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.

ئاژانسی تاسی روسی بڵاویكردۆتەوە، پزیشكیان و پۆتن رێككەوتنێكیان ئیمزا كردووە كە تایبەتە بە بەرزكردنەوەی هاوكارییەكانی نێوان خزمەتگوزارییە ئەمنی و بەرگری و هاوكاری لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكاندا.