جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ داوای ئاگربەستێكی دەستبەجێی كرد لە غەززە.

كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، بایدن و ناتانیاهۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوانیاندا تاوتوێی هەوڵەكانییان كردووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و ئازادكردنی ئەو بارمتانەی كە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە.

ئەوەش هاتووە، بایدن جەختی كردووەتەوە بۆ ئاگربەستێكی دەستبەجێ لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەكان و زیادكردنی یارمەتییە مرۆییەكان.

هاوكات بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن، بەهۆی شەڕەكەوە تا ئێستا زیاتر لە 46 هەزار فەلەستینی لە غەززە كوژراون، ئەو ناوچەیەش ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی مرۆیی بووەتەوە و زۆربەی دانیشتوانەكەشی ئاوارەبوون.