ئیلهام ئەحمەد: كوردەكان بەشێكی دانەبڕاون لە سوریا
٥ی شوباتی ٢٠٢٥
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا جارێكی تر دوپاتیدەكاتەوە كە كوردانی سوریا بەشێكی دانەبراون لەو وڵاتە و كاتی ئەوە هاتووە مافەكانیان پێبدرێت، رەتیشیكردەوە بە هیچ شێوەیەك داوایان كردبێت ئیسرائیل دەست لە كاروباری سوریا وەربدات.
ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبییە رایگەیاند، لەم قۆناغەدا سوریا پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و گشتگیر هەیە و پێویستە پشتگیری لە دیالۆگی نیشتمانی لە نێوان لایەنە جیاوازەكانی سوریا بكرێت و ئەولەویەت بۆ قۆناغی راگوزەر بێت و میكانیزمی گونجاو بۆ سەركەوتنی ئەو قۆناغە بدۆزرێتەوە .
رەتیشیكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك داوایان كردبێت ئیسرائیل دەست لەكاروباری سوریا وەربدات و وتی هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ تەل ئەبیب نییە، بەڵكو هەمیشە جەختیان لەوە كردووەتەوە كە پێویستە رێگە نەدرێت هیچ لایەنێك دەست لە كاروباری سوریا وەربدات.
دەشڵێـت ، كەناڵەكانی پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا كراوەیە بۆ تاوتوێكردنی دۆسیە بنەرەتیەكان لە چوارچیوەی لیژنەی هاوبەشدا. هەروەها جەختیكردۆتەوە لەوەی كوردەكان بەشێكی دانەبراون لە سوریا و قوربانی زۆریان داوە و پێیان وایە كە كاتی ئەوە هاتووە گرەنتی مافی هەموو پێكهاتەكانی سوریا بكرێت بە تایبەت گەلی كورد .
لەبارەی هێرشەكانی توركیاشەوە باسی لەوە كردووە ، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا خزمەت بە سەقامگیری سوریا ناكات بەڵكو سەروەری دیمەشق بەرتەسك دەكاتەوە و دەشڵێت ، هێرشكردنە سەر دامەزراوە زیندوەكانی وەك بەنداوی تشرین ، دەبێتە هۆی دروستبونی كارەساتێكی ژینگەیی و مرۆیی و دەبێـت دیمەشق بەرپرسیارێتی لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە هەڵبگرێت.
سەبارەت بە بەردەوامیی سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر سوریاش ئیلهام ئەحمەد دەڵێت ، بە توندی سزا نێودەوڵەتیەكان بۆ سەر سوریا رەتدەكەنەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو سورییەكان هەیە.