دوای ١٣ ساڵ، شەوی رابردوو بولگاریا و رۆمانیا پەیوەستبوونیان بە ناوچەی شنگنەوە راگەیاند و ئەوەش رێگە بە هاوڵاتیانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەدات، بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەو دوو وڵاتە بەشێک لە پابەندبوونی خۆیان بە ناوچەی شنگنەوە ئاشکراکرد، کە بەوهۆیەشەوە پشکنینی سنوورییان لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکانیاندا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەر لەوەی رێککەوتن بکەن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بۆ سنوورە وشکانییەکانیان.

لەدوای رێککەوتنی بولگاریا و رۆمانیاوە وڵاتانی ناوچەی شنگن بۆ ٢٩ وڵات زیاد دەکەن، کە دانیشتووانەکانیان دەتوانن بە ئازادی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا هاتوچۆ بکەن.

هەریەک لە بولگاریا و رۆمانیا لە ریزی وڵاتە هەژارەکانی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێن و ئێستاش چاوەڕوانیان لەبارەی ئەو پرسە کۆتایی پێهات و هەردوولایان پەیوەستبوونیان بە ناوچەی شنگنەوە بەدەستهێنا.

ناوچەی شنگن گەورەترین ناوچەی بێ ڤیزایە لە جیهاندا، وڵاتانی ناوچەی شنگن سنوورەکانی نێوانیان لابردووە و ئەو کەسانەی خەڵکی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەی شنگنن پێویستە بە ڤیزا و رێگەپێدانی ئاسایش(ETIAS) وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن سەردانی ناوچەی شنگن بکەن.

ئەو کەسەشی داواکاری ڤیزای شنگن پێشکەش دەکات، پێویستە داواکژاری ئاڕاستەی باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە بکات کە دەیەوێت گەستی بۆ بکات و بە بەڵگە بیسەلمێنێت، مەبەستی سەردانەکەی چییە، بڕی تێچووی گەشتەکەی ئامادەکردووە و بەڵێننامە پڕ بکاتەوە کە بەر لە بەسەرچوونی ماوەی ڤیزاکەی ناوچەی شنگن جێدە‌هێڵێت.