وەزارەتى سامانەسروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بڕیارە عێراق ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتى سپى بنێرێت، گلەیى ئەوەش دەکات کە ئەوە لە پشکى هەرێمى کوردستان کەمترە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەو 50 ملیۆن لیترە زۆر لە پشكی هەرێمی كوردستان كەمترە و تەنیا بەشی ١٩%ـى پێویستی خێزانەکان دەکات".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، "بۆ زستانی ئەمساڵ ٢٤٣ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و ٢١٥ هەزار خێزان لە هەرێمى کوردستان دابەشكراوە و دابەشكردنی نەوت سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە و تەنیا ١٢٧ هەزار و ٨٠٨ خێزان نەوتییان وەرنەگرتووە".

لە هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و ٢٥٦هەزار خێزان هەن و بە گوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتى ٢٠٠ لیترى بە ١٠٤ هەزار دینار وەربگرێت.