پێشبینیکارە نابیناکە ئەمجارە بە زیرەکیی دەستکرد پێشبینی بۆ رووداوەکانی ساڵی نوێ دەکات
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بابا ڤانگا، پێشبینیکارە نابیناکەی جیهان، لە پێشبینییەکانی بەردەوامە، بەڵام ئەمجارەیان لەڕێی تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکردەوە زنجیرەیەک پێشبینیی بۆ رووداوەکانی ساڵی نوێ دەخاتەڕوو و کە دەشێت بۆ هەندێک لە سەرۆکی وڵاتان جێی نیگەرانی بێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی، تیمێک توانیویانە بابا ڤانگا بە تەکنەلۆجیای زیرەکیی دەستکرد دروستبکەنەوە و زنجیرەیەک پێشبینی بۆ ساڵی 2025 پێ ئەنجام بدەن، کە دەرکەوتووە؛ لەڕووی وەرزش و هونەرەوە پێشبینیی دەرئەنجامی باش و لەڕووی سیاسیشەوە پێشبینی کارەساتی گەورە و مەترسیدار دەکرێت.
پێشبینییەکان پێدەچێت بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا باش نەبن، وەک دەوترێت، لە ساڵی نوێدا لەڕووی یاساییەوە گرفتی بۆ دروست دەبێت و دۆخی تەندروستیشی تێکدەچێت، هەروەها جوڵاندنی دۆسیەیەکی لە دادگادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تەنانەت جیهانیش تووشی دابەشبوون و لیکترازان دەکات.
ئاماژەی بەوەش داوە؛ ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدات لەسەر ئاستی جیهاندا ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت، بە ئامانجی ئەوەی هەواڵی کار و چالاکییەکانی بگەیەنێت بە لایەنگرەکانی لە تەواوی جیهاندا.
پێشبینی ئەوەش دەکات ترەمپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان پتەوتر بکات، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، دۆخی تەندروستی تێکدەچێت و بەوهۆیەوە ماوەیەک لە چاوی میدیاکان دووردەکەوێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت وەک چۆن لە هەوڵی کوشتنی دەربازی بوو، بەهەمان شێوە ئەو ئاڵنگارییەش تێپەڕێنێت.
سەبارەت بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، وەشانی زیرەکیی دەستکردی بابا ڤانگا دەڵێت، " پوتنیش ساڵێکی سەخت بەڕێدەکات، تەندروستی تێکدەچێت و لەسەر شانۆی سیاسیی جیهانیشدا رۆڵی بچووک دەبێتەوە، هەروەها لە شەڕی ئۆکرایندا دووچاری زنجیرەیەک پاشەکشە دەبێت، سووپای ئۆکراینیش هێرشێکی بەرفراوان دەکات و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت".
ئەوەش هاتووە، کە ساڵی نوێ بۆ کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ساڵێکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری دەبێت، هەروەها پێشبینیی ئەنجامی باش بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات.
بابا ڤانگا لە ساڵی 1911 لە شاری سترومیکا لە باکووری مەکەدۆنیا لەدایکبووە، دوای ئەوەی لە تەمەنی 12 ساڵیدا بینایی لەدەستدەدات، کۆمەڵێک پێشبینی بۆ رووداوەکانی جیهان دەکات، کە هەندێکیان روویانداوە، ڤانگا لە ساڵی 1989 پێشبینی ئەوەی کرد دوو فڕۆکە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا، ئەمەش وەک ئەوەی لە 11ـی سێپتەمبەری 2001ـدا روویدا، لەدوای ئەمەوە ئەستێرەی ئەم ژنە گەشایەوە و زۆرێک بە خاوەن توانای سەروو سرووشتی ناویان برد.
ئەم پێشبینیکارە لە ساڵی 1996 لە بولگاریا کۆچیدوایی کرد و لە سەرەمەرگدا رایگەیاند، کە 2025 جیهان تووشی زنجیرەیەک بوومەلەرزەی وێرانکەر دەبێت.