بۆ یەكەمجار ئەحمەد شەرع لەگەڵ وەفدێكی هەسەدە لە دیمەشق كۆبووەوە، هەسەدەش دەڵێت كۆبونەوەكە ئەرێنی بووە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك هەسەدە بڵاویكردوەتەوە كۆبونەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا، لەگەڵ وەفدی هەسەدە ئەرێنی بوە و تاوتوێی پێگەی كورد و هێزەكانیان لە سوریای داهاتوودا كراوە .

ئەو بەرپرسەی هەسەدە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، ئاماژەی بەوەشكردوە كە كۆبونەوەكە رۆژی دووشەممە لە دیمەشقی پایتەخت كراوە، ئەوەش هەنگاوێكە بۆ بەردەوامبونی كۆبونەوەكانی نێوان كورد و دەسەڵات لە دیمەشق.

كۆبونەوەكەی شەرع و هەسەدە یەكەم كۆبونەوەیە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا ئەنجام بدرێت، پێشتریش ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر ئەوە  كردبوەوە كە كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی دەبن لە سوریای نوێ.