سەرۆكی یەكێتی: گۆڕانكاریی ریشەیی لە حوكمڕانی هەرێم پێویستییەكی گرنگی قۆناغەكەیە
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
لەدرێژەی دیدارەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سووریا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنیان وەک بنەمای چارەسەری کێشەکان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان لەچوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا دووپاتکردەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان کرد و رایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی کارکردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێکیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە بدرێت پشتیوانیی لێدەکەین، دۆخی ئەمڕۆی سووریاش پێویستی بە لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی راستەقینە هەیە، هیوادارین هەموولایەک بەم رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتووی وڵاتەکە و ژیانی خەڵکەکەی بدەن.
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لاوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پرۆسەی حوکمڕانی پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و پێویستە حکومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پێشکەش بکات و ئامانجەکەی بەهێزترکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێت نەک جیاکاری و قۆرخکردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندییە حزبییەکاندا.