فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یەكڕیزی كورد لە سوریا نوێدا و گەیشتنە رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكانیان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

نوسینگەی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا ئەنەكەسە لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە سوریای نوێدا.

ئەوەشی خستەڕو، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو و تێیدا، هەسەدە و ئەنەكەسە گەیشتنە رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كۆبوونەوەكانیان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كوردسات نیوز كەوتووە، كۆبوونەوەكە لە باكوری حەسەكە بەڕێوەچووە و سلێمان ئۆسۆ سەرۆكی ئەنەكەسە و فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەكەسە بەشداربوون تێیدا.